ئەمڕۆ بەشێک لە عومرەکارە کوردەکانی لە سعوودیە گیریانخواردووە دەگەڕێنەوە

ئەحمەد هۆشیار بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر
ئەحمەد هۆشیار بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر

K24 – هەولێر

بەشێک لەو 250 عومرەکارەی کوردەی لە سعوودیە گیریانخواربوو، بەهۆی سزادانی هێلی گواستنەوەی ئاسمانی فلای بەغداد لەلایەن ئەمەریکاوە، ئەمڕۆ یەکشەممە لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی هەولێرەوە دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.

ئەحمەد هۆشیار بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە (28ی کانوونی دووەمی 2024) کاروانی یەکەمی ئەو عومرەکارە کوردانەی لە سعوودیە گیریانخواردووە دەگەڕێندرێنەوە و بڕیارە سەرجەمیان لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێر بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.

پێشتر کاروان ستوونی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم بەکوردستان24 رایگەیاندبوو، بڕیارە رۆژی یەکشەممە لە رێگەی هێڵی ئاسمانی دیکەوە عومرەکان بگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

نزیکەی 250 عومرەکاری کورد بەهۆی سزاکانی سەر هێڵی ئاسمانی فڵای بەغداد، لە شاری مەدینە گیڕیانخواردووە نەیانتوانی بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

رۆژی (22ـی کانوونی دووەمی 2024) وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی، بە تۆمەتی هاوکاریکردنی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکان لە عێراق، سووریا و لوبنان، سزای بەسەر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فڵای بەغداد سەپاند.

لە راگەیەندراوێکدا، وەزارەتی گەنجینە ئاماژەیدا، فلای بەغداد هێلی ئاسمانی بەکارهێناوە بۆ گواستنەوەی چەکداران، چەک و پارە بۆ سووریا و لوبنان بۆ پاڵپشتیکردنی گرووپە میلیشیکانی لەلایەن ئێرانەوە ئاراستە دەکرێن.