ئێران چوار گەنجی زیندانی سیاسیی کوردی لەسێدارەدا

K24 – هەولێر

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە (29ی کانوونی دووەمی 2024) ماڵپەری دەسەڵاتی دادوەری ئێران جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی چوار گەنجی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە، کە هەر چواریان زیندانی سیاسیی بوون.

ئەم چوار زیندانییە سیاسییە کوردە بە ناوەکانی موحسین مەزڵووم تەمەن 27 ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، محەمەد فەرامەرزی تەمەن 28 ساڵ خەڵکی شارۆچکەی دێوڵانی پارێزگای سنەیە، وەفا ئازەربار تەمەن 26 ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان و پژمان فاتیحی تەمەن 29 ساڵ و خەڵکی شاری کامێرانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کاتژمێر پێنجی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە زیندانی قزڵحەساری شاری کەرەج سزاکەیان بەسەردا جێبەجێکراوە، لە کاتێکدا زیاتر لە 19 مانگ بوو زیندانی کرابوون و لە مافی بوونی پارێزەریش بێبەشکرابوون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رێکخراوی هەنگاو بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو چوار گەنجە کوردە دوای 19 مانگ و هەشت رۆژ، رۆژی یەکشەممە (28ی کانوونی دووەمی 2024) بۆ یەکەمجار و دواجار لە زیندانی ئەوین لە تاران دەرفەتی چاوپێکەوتینیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان پێدراوە، بەڵام دوای چاوپێکەوتنەکە راستەوخۆ بۆ زیندانی قزڵحەساری کەرەج بۆ جێبەجێکردنی سزاکەیان گواستراونەتەوە

دەسەڵاتی دادوەری ئێران پاساوی لەسێدارەدانی ئەم چوار گەنجە سیاسییە کوردەی بۆ بوونی پەیوەندی سیخوڕی بۆ مۆسادی ئیسرائیل گەڕاندووەتەوە، کە لە (18ی ئەیلوولی 2023) لە لقی 26ی دادگای تاران سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە، بەڵام رێکخراوی هەنگاو ئاماژەیداوە، تەنانەت بەپشتبەستن بە پێوەرە ناوخۆیییەکانی ئێرانیش کەمترین پێوەرەکانی دادگاییکردنێکی شەفاف و دادپەروەرانە لە دۆسیەکەیاندا رەچاو نەکراوە و مافی بوونی پارێزەریشیان نەبووە، بۆیە ناڕونییەکی تەواو لە دۆسیەی تۆمەتبارکردن و دادگاییکردنەکەیاندا هەیە.

هەروەها خانەوادەکانی هەر چوار گەنجە لەسێدارە دراوەکە تۆمەتەکانی دەسەڵاتی دادوەریی، دادگا و هێزە ئەمنییەکانی ئێرانیان رەتکردووەتەوە، کە کوڕەکانیان هیچ پەیوەندییەکیان بەکاری سیخوڕییەوە هەبووبێت.

جوانە تەیمەسی هاوژینی، موحسین مەزڵووم رایگەیاندووە، ماوەی 19 مانگ بنەماڵەی هەر چوار گەنجەکە لە چاوپێکەوتنی رۆڵەکانیان مەحرووم کرابوون، تۆمەتی سیخوڕی مۆسادیش سیناریۆیەکی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانە.

هەروەها ئاماژەیداوە، لەو چەند مانگەی لە زیندان بوون لە ژێر فشاری ئەشکەنجەی توند ناچار بە دانپێدانان کراون و لە تەلەفزیۆنی ئێران دانپێدانانەکانیان بڵاوکرایەوە بۆ پەردە پۆشکردنی بڕیاری دادگا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 ئەم چوار گەنجە کوردە ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران بوون، 22 حوزەیران 2022 لە گوندی یەنگەجەی نزیک ناوچەی سۆمای برادۆستی پارێزگای ورمێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستگیرکرابوون.