هەڵبژاردنی پارێزگارێک بۆ کەرکووک؛ لایەنەکان دەگەنە سازان یان بنبەست؟
K24 – هەولێر:
بڕیارە ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگای کەرکووک یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات و تاوەکو ئێستاش لایەنەکانیش لەسەر دیارکردنی پارێزگارێک بۆ شارەکە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
دوای ئەوەی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە بڕیاربوو لە (1ـی شوباتی 2024) بەڕێوەبچێت بۆ (5ـی شوباتی 2024) دواخرا، لایەنەکان لە گفتوگۆکانیان بەردەوامن بۆ دیاریکردنی پارێزگارێک بۆ کەرکووک و تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگاکە.
بەهۆی دەرئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک کە دوای 18 ساڵ یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای شارەکە بوو بەڕێوەچوو، هیچ یەکێک لەو لیستانەی کورسی ئەنجوومەنەکەیان بەدەستهێناوە نەیانتوانیوە زۆرینە بەدەستبهێنن بۆیە لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و پۆستەکانی دیکە، پێویستیان بە رێککەوتن و هاوپەیمانی هەیە و بەهۆی پێکهاتەی نەتەوەیی شارەکەشەوە، بەبێ سازانی لایەنەکان و تەوافقی سیاسیی، ئەستەمە دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکووک بە ئاسانی ئەنجامبدرێت.
لایەنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە پارتی و یەکێتی پێکهاتوون، سوورن لەسەر ئەوەی پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکە هەڵبژێردرێت و بۆ ئەو مەبەستەش رۆژی (9ـی کانوونی دووەمی 2024) لە کۆبوونەوەی هەردوو مەڵبەندی یەکێتی و لقی پارتی لە کەرکووک جەختیان لەسەر کاری پێکەوەیی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کردەوە.
لایەنە عەرەبییەکان کە ئێستا شەش کورسییان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەیە هاوپەیمانییان پێکهێناوە و پشتیوانی لە مانەوەی راکان جبووری، پارێزگاری سەپێندراوی ئێستای کەرکووک لە پۆستەکەی دەکەن بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ هەردوو نوێنەرەکەی تورکمان لە گفتوگۆدان پێکەوە هاوپەیمانییەک بەرامبەر بە کورد پێکبهێنن.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، لە گفتوگۆکاندا عەرەبەکان بەڵێنیان بە تورکمانەکان داوە لە بەرامبەر دەنگدانیان بە مانەوەی پۆستی پارێزگار بۆ ئەوان، پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و جێگری پارێزگار بە تورکمان بدەن، پۆستە ئیدارییەکانی شارەکەش، بە رێژەی 32% بە نوێنەرانی تورکمان بدرێت.
لە بەرامبەردا، بەرەی تورکمانی کە خاوەنی دوو کورسییەکەی پێکهاتەی تورکمانە لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رایەکی جیاوازیان هەیە و دەیانەوێت دەرفتی نزیکی ژمارەی کورسییەکانی کورد و عەرەب بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی پارێزگار، بقۆزنەوە تاوەکو رێککەوتنێکی جیاواز بکەن بەشێوەیەک پۆستی پارێزگاری کەرکووک لە چوار ساڵی داهاتوو بەشێوەی خولی لەلایەن هەرسێ پێکهاتەی کورد، عەرەب و تورکمان بەڕێوەببرێت.
رۆژی (28ـی کانوونی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، 559 هەزار و 221 دەنگی دروست لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەبووە کە کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنەکە لە 16 کورسی پێکهاتووە (11 کورسی بۆ پیاو، 4 کورسی کۆتای ئافرەتان و یەک کورسی کۆتای پێکهاتەی کریستیان).
بەگوێرەی ئەنجامی لایەنەکان ئەو 16 کورسییە بەم شێوەیە دابەشبووە، کورد لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک خاوەنی حەوت کورسییە و لایەنە عەرەبییەکان خاوەنی شەش کورسیین و پێکهاتەی تورکمانییەکانیش دوو کورسی و کریستیانەکانیش یەک کورسییان بەدەستهێناوە.
عەرەب و تورکمانەکانیش ئەگەر پێکەوە هاوپەیمانی بکەن کۆی ژماریە کورسییەکانیان دەبێتە هەشت کورسی (لە کۆی 16 کورسی)، بۆیە ناتوانن بەبێ کورد هیچ پۆستێک لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک یەکلایی بکەنەوە کە هاوکات بەهۆی نزیکی کورسی کۆتای پێکهاتەی کریستیانەکان لە لایەنە کوردییەکان، ژمارەی کورسی ئەوانیش دەبێتە هەشت کورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.
رۆژانی (16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردن لەو پارێزگایە گەیشتە 66%، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و کارتی دەنگدان، هەزاران هاووڵاتی کورد لەو شارە بێبەشبوون لە دەنگدان.
یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە سەرۆکایەتی بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەکە بەڕێوەدەچێت و لەماوەی یەک مانگدا لە ئەنجامدانی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە پێویستە هەموو کاندیدانی سەرکەوتوو لە هەڵبژاردن وەک ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا سوێندنی یاسایی بخۆن، ئەگەرنا دوای ئەو بەروارە، لەلایەن کۆمیسیۆنەوە پێشنیازی یەکەم کاندیدی سەرنەکەوتوو دەکرێت کە زۆرترین دەنگی هەیە بە لەبەرچاوگرتنی پاراستنی رێژەی کۆتای ژنان.
یەکەم کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەپێی یاسا پێش دەستپێکردنی کارەکان و پەیڕەوکردنی دەسەڵاتەکانی، هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگرێکە بۆ ئەنجوومەنەکانیان، ئەگەر لە دانیشتنی یەکەم نەتوانن ئەو کارە بکەن، ئەوا دانیشتنەکە بە کراوەیی دەهێڵنەوە تا لایەنە سەرکەوتووەکان دەگەنە رێککەوتن.
هاوکات لە ماوەی 30 رۆژدا ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەبێت بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و جێگرەکەی کۆببنەوە ومەرج نییە کاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا بێت، بەڵکو هاووڵاتییانی دەرەوەی ئەنجوومەنەکەش بەرەچاوکردنی ئەو مەرجانەی لە یاسای پارێزگاکانی نەبەستراو بە هەرێمەکاندا هاتووە.
دوای هەڵبژاردنی پارێزگاریش لەلایەن ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە کە بە زۆرینەی دەنگ دەبێت، لە ماوەی 15 رۆژدا مەرسومی کۆماری بۆ دەردەچێت و دوای ئەوە بەشێوەیەکی یاسایی لە پۆستی پارێزگاردا بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتانەی بەپێی یاسا بۆی دیاریکراوە، دەست بەکارەکانی دەکات.
ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پلەکانیان (بەڕێوەبەری گشتی)ـیە هەوەها پارێزگاریش پلەی (بریکاری وەزیر)ـە و بەگوێرەی یاسا دەسەڵات و ئیمتیازاتەکانیان دیاریکراوە.
دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بریتییە لە هەڵبژاردنی پارێزگار و جێگرەکانی و بەرپرسانی ئیداری، هاوکات دەسەڵاتی لادان و لێپرسینەوەشی لە کارەکانیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا، چاودێریکردن و پەسەندکردنی پلانی پرۆژەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکان بەشێکی دیکەیە لە ئەرک و دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.