کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان تۆماری دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نوێ دەکاتەوە

K24 – هەولێر:
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە درێژەی ئامادەکارییەکانی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دەستیکردووە بە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و پرۆسەکە بۆ ماوەی 20 رۆژ بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی بڕیارێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پرۆسەی تۆمارکردن لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک بۆ ماوەی 20 رۆژ لە (1ـی شوبات تاوەکو 20ـی شوباتی 2024) بەردەوام دەبێت.
لەلایەن خۆیەوە، ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، 53 بنکەی دابەشكردنى كارتى ئەليكترۆنى و تۆمارى بايۆمەترى کردووەتەوە کە لە رۆژانی یەکشەممە تا پێنجشەممە لە کاتژمێر 8:00ـی بەیانی تاوەکو 3:00ـی دوای نیوەڕۆ پێشوازی لە هاووڵاتییان دەکەن.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان داوای لە هاووڵاتییان کردووە، لە كاتی سەردانی كردنت بۆ بنکەکانی تۆماری دەنگدەران بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی بایۆمەتری یان وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدانی نوێ، پێویستە بەڵگەنامەکانی (ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامەی عێراقی یان کارتی نیشتمانی، کارتی زانیاری، پسوولەی خۆراک، کارتی دەنگدانی کۆن ئەگەر هەبوو، پسوولەی لێوەرگرتنەوەی کارتی کۆن ئەگەر هەبوو.
ئەحمەد مازن، گوتەبێژی ئۆفیسی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم ئامادەکارییە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانە و نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران تەنھا بۆ دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستانە، ئەو کەسانەی لەدایکبووی 2006ـن و ئەوانەش تا ئێستا کارتی بایۆمەتریان نییە دەتوانن سەردانی بنکەکان بکەن.

رۆژی (10ـی کانوونی دووەمی 2024) دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ کوردستان24 جەختی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن لە تایبەتمەندی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە بەپێی یاسا، بۆیە لە هەماهەنگیدا دەبین لەگەڵیان بۆ دیاریکردنی رۆژێکی گونجاو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
ئەمەش دوای ئەوە هات کە رۆژی (3ـی کانوونی دووەمی 2024) کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نووسراوی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردەوە کە ناتوانێت لە وادەی دیاریکراودا کە رۆژی (25ـی شوباتی 2024)ـەوە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات، هۆکارەکەشی بۆ دواکەوتنی بڕیاری دادگای فیدراڵی و دابینکردنی بودجەی پێویست بووە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ بەڕێوەچوونی ئامادەکارییەکان.
رۆژی سێشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) شاندی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەولێر لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکەش، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەرسومێکی هەرێمی بۆ دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەردەکات.