سامان بەرزنجی: هاوکارییەکانی عێراق پێداویستی پزیشکی هەرێمی کوردستان پڕناکەنەوە

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە نەخۆشخانە حکومییەکان دەرمانە دەگمەنەکان بۆ چارەسەرکردن دابین دەکرێن، هەروەها تا ئێستا نەخۆشخانە تایبەتەکان نەبوونەتە شوێنگرەوەی نەخۆشخانە حکومییەکان بۆ پێدانی چارەسەری کیمیایی و تیشک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە. لەبارەی هاوکارییەکانی عێراق گوتی: ئەو هاوکارییانە پێداویستی پزیشکی هەرێمی کوردستان پڕناکەنەوە.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند، دروشمی جیهان لە رۆژی جیهانی شێرپەنجە بۆ ئەمساڵ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانە بە خزمەتکردن، پێویستی بە هەموو لایەک هەیە بۆ ئەوەی شێرپەنجە کەمتر بکرێتەوە، چونکە لە ئێستادا لە وڵاتە پێشکەوتووەکانیش رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەڵکشاندایە.

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راشیگەیاند، چەن ساڵیکە لە هەرێمی کوردستان کار لەسەر رووپێوکردن و دەستنیشانکردنی نەخۆشی شێرپەنجە دەکەین، هەروەها هۆکارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە لە جیهاندا بەهۆی گۆڕانکاری کەشوهەوا  و گۆڕانکاری جۆری خۆراکە.

سامان بەرزنجی، دەڵیت: شێرپەنجە چەند قۆناغێکی گرنگی هەیە، قۆناغیکیان؛ رێگەگرتن لە تووشبوون بەو نەخۆشییە، قۆناغی دووەمیان؛ زوو دەسنیشانکردنی نەخۆشییەکەیە، کە ئەویش گرنگە، قۆناغی سێیەمیان؛ قۆناغی چارەسەرە ئەویش لە رێگەی نەشتەرگەری یان چارەسەری کیمیای، یانیش چارەسەر لە رێگەی تیشک. باسی لەوەشکرد، لە جیهاندا بۆ هەر 100 هەزار کەسێک 190 کەس تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبن.

بەرزنجی، ئاماژەی بەوەدا، لە ساڵی 2023ـدا نۆ هەزار و 911 تووشبووی نوێ شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، "ناتوانین بڵێن شێرپەنجە لە کوردستان لە زیادبووندایە، بەڵام ئەگەر حاڵەتەکە تۆمار بکرێت و لە نەخۆشخانەی دۆسیەی بۆ بکرێتەوە باشترە دەکەوێتە ژێرکۆنتڕۆڵکردن بۆ زوو چارەسەرکردنی، هەروەها رێژەی تووشبووی شێرپەنجە لەو هەرێمە نەگەیشتووتە ستانداردی جیهانی"

دەشڵێت: هۆشیاری هاووڵاتی زۆر گرنگە بۆ زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجە ئەویش لە رێگەی ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە. ناوبراو باسی لە شێرپەنجە باوەکان کرد کە تووشی پیاو و ئافرەت دەبێت و گوتی: "لەناو پیاوان باوترین جۆر کە تووشیان دەبێت شێرپەنجەی پرسۆتاتە، هی ئافرەتانیش شێرپەنجەی مەمکە، کاتێک زوو دەستنیشان دەکرێت بە ئەگەرێکی زۆر کەسەکە چاک دەبێتەوە.

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، لە رێگەی ئەو پلاتفۆڕمەی کە ئەمڕۆ رامانگەیاند هاووڵاتییان دەتوانن پشکنینی پێشوەختە بۆخۆیان بکەن، ئەو پلاتفۆڕمە کۆمەڵێک پرسیار ئاراستەی بەکارهێنەرەکە دەکات، لە ئەنجامدا دەردەکەوێت کە ئەو هاووڵاتییە کام جۆری شێرپەنجەی هەیە، تەنانەت پێشیان دەڵێت بڕۆنە کام نەخۆشخانە و کام جۆری پشکنینیش ئەنجامبدەن.

سامان بەرزنجی، گوتی: پلانی ئێمە لە ئێستادا زیادکردنی سەنتەرەکانی دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی شێرپەنجەیە، هەورەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆک بەردی بناغەی نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجەی بە ئامێری تیشک دانا، کە لە رابردوو ئەمە لە دهۆک نەبوو، بۆیە چیدیکە هاووڵاتییانی ئەم پارێزگایە پێویست ناکات سەردانی پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ چارەسەری.

گوتیشی: "لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەفتەیەک بەر لە ئێستا لەگەڵ ئاژانسی کۆیکا رێککەتنێکمان واژۆکرد، کە ئەم ئاژانسە بە بڕی حەوت ملیۆن دۆلار سەنتەرێکی چارەسەری شێرپەنجە لەو ئیدارەیە دەکاتەوە، هەروەها لە بەرنامەمان دایە لە زاخۆ و هەڵەبجەش سەنتەر بۆ چارەسەری شێرپەنجە بکەینەوە".

بەرزنجی سەرنجی خستە سەر ئەوەش، زۆرترین تووشبووی شێرپەنجەی بیانی روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بە رێژەی 40%، هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە ملیارێک و 600 ملیۆن دیناری بۆ چارەسەری شێرپەنجە بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تەرخانکردوو، لەکاتێکدا هاوکارییەکانی حکومەتی عێراق پێداویستی پزیشکی هەرێم پڕناکەنەوە.

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی نەخۆشخانە تایبەتەکانەوە گوتی: تا ئێستا نەخۆشخانە تایبەتەکان نەبوونەتە شوێنگرەوەی نەخۆشخانە حکومییەکان بۆ پێدانی چارەسەری کیمیایی و تیشک و هەرگیزیش نابنە شوێنگرەوەش.

گوتیشی: لە نەخۆشخانە حکومییەکان دەرمانە دەگمەنەکان بۆ چارەسەرکردن دابین دەکرێن.