پەیامنێری کوردستان24: عەرەب و تورکمان هەوڵی دواخستنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەدەن
K24 – کەرکووک:
بڕیارە سبەی ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگای کەرکووک یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان لەسەر پۆستی پاریزگار و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک، عەرەب و تورکمان لە کۆبوونەوەدان بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکە جارێکی دیکە دوابخرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەمشەو نوێنەرانی هەڵبژێردراوی هەردوو پێکهاتەی عەرەب و تورکمان بە سەرپەرشتی راکان جبووری، پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی دانیشتنی سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوابخەن یاخود پەکی بخەن.
هاوکات بەشێک لە ئەندامە کوردە هەڵبژێرداوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ کوردستان24 ئاماژەیان بەوەکرد، ئەوان بۆ کۆبوونەوەی سبەی ئامادەن و هیچ ئاگادارییەکی فەرمییان بۆ دواخستنی دانیشتنەکە بەدەست نەگەیشتووە.
هەروەها سەرچاوەیەک لە راگەیاندنی پارێزگای کەرکووک بۆ کوردستان24 ئاشکرایکرد، سەرجەم ئامادەکارییەکانیان بۆ یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک تەواوکردووە.
دوای ئەوەی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە بڕیاربوو لە (1ـی شوباتی 2024) بەڕێوەبچێت بۆ (5ـی شوباتی 2024) دواخرا، لایەنەکان لە گفتوگۆکانیان بەردەوامن بۆ دیاریکردنی پارێزگارێک بۆ کەرکووک و تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگاکە.
رۆژانی (16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردن لەو پارێزگایە گەیشتە 66%، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و کارتی دەنگدان، هەزاران هاووڵاتی کورد لەو شارە بێبەشبوون لە دەنگدان.
رۆژی پێنجشەممە (28ـی کانوونی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، 559 هەزار و 221 دەنگی دروست لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەبووە کە کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنەکە لە 16 کورسی پێکهاتووە (11 کورسی بۆ پیاو، 4 کورسی کۆتای ئافرەتان و یەک کورسی کۆتای پێکهاتەی کریستیان).