مونا قەهوەچی: لە رووی یاساییەوە دادگای فیدراڵی ناتوانێت دەستکاری کورسی پێکهاتەکان بکات

K24 - هەولێر

جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان رایگەیاند، حەفتەم جارە دادگای فیدراڵی بڕیاری دواخستن لەسەر کەیسی پێکهاتەکان دەدات، ئەمەش بۆ ئەوەیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکرێت.

مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێویستبوو پێشی ئەو سکاڵایە راوێژ بە پێکهاتەی تورکمان بکرابووایە، چونکە ئەگەر ئەو یاساییە هەڵبوەشێتەوە و بگەڕێینەوە بۆ یاسایی ساڵی 1992 ئەوە زەرەرمەندی یەکەم پێکهاتەی تورکمان دەبێت، چونکە لەساڵی 1992 تورکمان کورسی کۆتایی نەبووە.

گوتیشی: ئەو دەستوەردانە بەهەموو شێوەیەک بۆ لاواز کردنی پێکهاتەی تورکمانە، دەشڵێت: پێکهاتەی تورکمان هیچ کات هەڕەشە نەبووە لەسەر هەرێمی کوردستان، بەڵکو بە پێچەوانەوە رۆلێکی باڵای هەبووە لە سەقامگیری هەرێمی کوردستان.

مونا ئاماژەی بەوەشکرد، حەفت جارە دادگا کەیسەکە دوا دەخات، کە بەهیچ شێوەیەک بڕیار لەسەر رەتکردنەوە یان پەسەندکردنی ئەو دۆسیەیە نادات. گوتیشی: لە رووی یاساییەوە دادگای فیدراڵی تەنها دەتوانێت سکاڵاکە رەت بکاتەوە یان پەسەندی بکات، ئەگەر پەسەندی بکات ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ یاسا کۆنەکە، بەڵام ناتوانێت دەستکاری کورسی کۆتاکان بکات و دابەشی سەر پارێزگاکان بکات.

جەختیکردەوە، لەبەرئەوە بڕیار لەسەر ئەو کەیسە نادرێت، تاوەکو هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان ئەنجام نەدرێت، چونکە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە 7-7ـی ئەمساڵ وادەی یاسایی تەواو دەبێت.

جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان راشیگەیاند، دوێنێ دوای دابڕانێکی زۆر یەکەم کۆبوونەوەی پارتی و یەکیتی ئەنجام درا، کە ئومێد بەخش بوو بۆ خەڵکی کوردستان، ئێمەش پاڵپشتی ئەو کۆبوونەوەیە دەکەین بەڵام بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن نەوەک دواخستنی.

مونا باسی لەوەشکرد، لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان نوێنەرمان دەبێت، چونکە بەبێ پێکهاتەی تورکمان قابیلی قبول نییە.

گوتیشی: هەموو لایەنە سیاسییەکان سەردانی پارتی چاکسازی تورکمانیان کردووە، هەڵوێست و پاڵپشتی خۆیان راگەیاند، بەڵام لەکاتی کردار و بڕیاردان جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، هیچ لایەنێکی سیاسی بە مەیدانی نایەتە سەر خەت.