کۆشکی سپی پێدانی هاوکاری بەبڕی 17 ملیار دۆلار بە ئیسرائیل رەتدەکاتەوە

کارین جان پێیر، گوتەبێژی کۆشکی سپی
کارین جان پێیر، گوتەبێژی کۆشکی سپی

K24 - هەولێر

کۆشکی سپی رایگەیاند، ئیدارەی ئەمەریکا پڕۆژە یاسایەکی ئەنجومەنی نوێنەرانی رەتکردووەتەوە سەبارەت بە پێشکەشکردنی هاوکاریی بۆ ئیسرائیل بەبێ هاوکاریکردنی ئۆکرانیا.

کارین جان پێیر، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، "ئیدارەی ئەمەریکا چەند مانگێکە لەگەڵ کۆمەڵێک سیناتۆری هەردوو حیزبدا کاردەکات بۆ گەیشتن بە رێکەوتنێکی ئاسایشی نیشتمانی کە سنوورەکانمان بپارێزێت و پشتیوانی لە خەڵکی ئۆکرانیا و ئیسرائیل بکات."

گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە بە توندی دژی ئەم فێڵەین کە هیچ شتێک ناکات بۆ پاراستنی سنوورەکان، هیچ شتێک ناکات بۆ یارمەتیدانی خەڵکی ئۆکرانیا بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، هەروەها نکۆڵی لە هاوکارییە مرۆییەکانی هاووڵاتیانی مەدەنی فەڵەستین دەکات کە زۆربەیان ژن و منداڵن، لەبری ئەوە، کۆمارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت بە شێوەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردوو حیزبدا کاربکەن، وەک ئیدارە و ئەنجومەنی پیران لەسەر کێشەکانی ئاسایشی نیشتمانی دەیکەن".

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا مایک جۆنسن، یاسایەکی ئاشکرا کرد بۆ دابینکردنی یارمەتی سەربازی نوێ بۆ ئیسرائیل بە بەهای 17.6 ملیار دۆلار وەک بەشێک لە شەڕی دژ بە حەماس بەبێ ئەوەی یارمەتی بۆ ئۆکرانیا تەرخان بکات و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا پیشنیاری بڕی هاوکارییەکە بکرێت.