تا دێت پشتیوانی دەنگدەران بۆ ترەمپ زیاتر دەبێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا (وێنە: AP)
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا (وێنە: AP)

K24 - هەولێر

پشتیوانی دەنگدەران لە ئەمەریکا بۆ جۆو بایدنی سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە و تا دێت ئاستی پشتیوانییەکان بۆ دۆناڵد ترەمپی رکابەری زیاتر دەبێت.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا کاندیدی سەرەکی دیموکراتەکانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە کە لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت، بەڵام بنکە جەماوەرییەکەی لاواز بووە و دۆناڵد ترەمپی کاندیدی سەرەکی کۆمارییەکان لە راپرسییەکان بەپێشی کەوتووەتەوە.

بەگوێرەی راپرسییەکی تۆڕی ئێن بی سی نیوز، لەبارەی باش مامەڵەکردن لەگەڵ ئابووری دۆناڵد ترەمپ بە 22 خاڵ بەپێش بایدن کەوتووەتەوە. لەبارەی کۆنتڕۆڵکردنی لێشاوی کۆچبەران و ئاسایشی سنوورەکانیش، دۆناڵد ترەمپ بە 35 خاڵ لەپێش بایدنە.

راپرسییەکە دەریدەخەت بۆ کارامەیی لە کارەکان ترەمپ بە 16 خاڵ لەپێش بایدنە، کە لە 2020 لەرووی کارامەیی و کاریگەری بایدن بە نۆ خاڵ لەپێش دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەو کاتی ئەمەریکا بوو.

ئاستی پشتیوانی دەنگدەران بۆ جۆو بایدن گەیشتووەتە سەدا 37، کە ئەمەش نزمترین ئاستی پشتیوانییە بۆ بایدن تۆمارکرابێت.

هەورەها لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ جەنگی ئیسرائیل و حەماس، کەمتر لە سەدا 30 دەنگدەران پشتیوانی لە هەنگاوەکانی بایدن دەکەن.

لە تەمموزی 2023، سەدا 49 بەشداربووانی راپرسییەکە بڕیاریان داوە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەنگ بە بایدن بدەن، لە سەدا 45ـیش بڕیاریانداوە دەنگ بە ترەمپ بدەن، بەڵام لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە سەدا 47ـی بەشداربووان دەنگیان بە ترەمپ داوە و رێژەی دەنگدەرانی بایدن بۆ سەدا 42 دابەزیوە.

Fly Erbil Advertisment