وەزیرانی دەرەوەی عێراق و هۆڵەندا "دەستدرێژییەکان"ـی ئەمەریکا و ئێران بۆ سەر عێراق تاوتوێ دەکەن
K24 - هەولێر
وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا "دەستدرێژییەکانی ئەمەریکا و ئێران"ـیان بۆ سەر خاکی عێراق تاوتوێکردووە. ئاماژە بەوەش دەدەدات، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی هۆڵەندا دەکات.
بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 06-02-2024، هانکێ سڵۆت، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا گەیشتە بەغدا و، لەلایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێ کرا، دواتر هەردووکیان کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان سازکرد.
وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، "پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی عێراق و هۆڵەندا مێژوویین. پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانمان بۆ ساڵی 1929 دەگەڕێنەوە. هەروەها پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیش هەر بۆ ئەو کاتە دەگەڕێنە. واتا پەیوەندییەکانمان بۆ سەدەیەک پێش ئێستا دەگەڕێنەوە".
فوئاد حوسێن گوتی، لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا "باسمان لە دەستدرێژییەکانی ئەمەریکا و ئێران بۆ سەر خاکی عێراق کرد. سوپاسی حکومەتی هۆڵەندامان کرد کە هەڵوێستێکی روونیان لە بەرامبەر ئەم دەستدرێژییانە هەبوو".
فوئاد حوسێن گوتی، "لە کۆبوونەوەکەماندا چەند بابەتێک تاوتوێ کران لەنێویشیاندا چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە هەموو بوارەکاندا بەتایبەت لە بواری ئابووریدا. چەندین کۆمپانیای هۆڵەندی لە بوارە جیاوازەکاندا لە عێراق کاردەکەن".
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەشێکی کۆبوونەوەکەیاندا "باسمان لە پەیوەندییە ئەمنی و سەربازییەکانی نێوان بەغدا و ئەمستردام کرد. هۆڵەندا وەکو بەشێک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش رۆڵێکی کاریگەری هەبوو تێکشکاندنی داعش و لە هاوکاریکردنی عێراق".
لەبارەی شەڕی غەززە و دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوە کرد، "هەردوولامان کۆکبووین لەسەر پێشکەشکردنی هاوکاریی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە و راوەستاندنی شەڕ لەو کەرتە".
وەکو ئەوەی وەزیری دەرەی عێراق لە درێژەی قسەکانیدا باسی کرد، لە داهاتوویەکی نزیکدا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هۆڵەندا دەکات و لەگەڵ گەورە بەرپرس و خاوەن کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.