ئەمەریکا و فەرەنسا جەخت بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە زووترین کاتدا دەکەنەوە

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان
باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان

K24 – هەولێر:

هەر یەکە لە نوێنەری ئەمەریکا و فەرەنسا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی جەخت لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە زووترین کاتدا دەکەنەوە.

لە کۆبوونەوەی ژمارە نۆ هەزار و 543 ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، کە تایبەت بوو بە دۆخی عێراق، پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کاریگەرییەکانی دواکەوتنی هەڵبژاردن لەلایەن زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە سەرنجی خرایەسەر و گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

لەماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دوو جار لەسەر دۆخی عێراق و پرسەکانی پەیوەست بە بەغدا و هەولێر کۆبووەوە و زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە نیگەرانی خۆیان بەهۆی دواکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەربڕی.

لەلایەن خۆیەوە، ناتالی ئێستیڤال، نوێنەری فەرەنسا لە نەتەوەیەکگرتووەکان گوتی: "فەرەنسا هیواخوازە بە زووترین کات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر، فەرەنسا داوای دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، بە تایبەت لەسەر پرسی نەوت، داهات و ئاسایش دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئاسایش و سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان بە گرنگ دەبینین. داوای سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی مانگی دوازە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و هێرشەکانی 15ـی مانگی یەک بۆ سەر هەولێر لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران دەکەین. ئەم جۆرە کردەوانە پێشێلکردنی سەروەری عێراقە و دەبێت بوەستێندرێن."

هەروەها نوێنەری ئەمەریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایش لەپاڵ هەڕەشەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران، جەختیکردەوە، پشتیوانی لە ئامادەکارییەکانی یونامی و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەم بەهارەدا بەڕێوەبچێت.

رۆبەرت وود، نوێنەری ئەمەریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایش گوتی:" میلیشیاکانی ئێران مەترسییان لەسەر لاوازکردنی دەستکەوتەکانی عێراق لەدوای تێکشکاندنی داعش دروستکردووە، لە تشرینی یەکەمی 2023 ئەو گرووپانە زیاتر لە 165 جار هێرشییان کردووەتە سەر ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و ئوردن، نابێت هێرشی لەوجۆرانە بەردەوامبن. ئەو گرووپە چەکدارانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت کار دەکەن ئالنگارییان بۆ حکومەت و خەڵکی عێراق دروست کردووە، هەڕەشەن لەسەر تێکدانی ئەو سەقامگیرییەی کە عێراقییەکان لەپێناوی شەڕیان کرد".

نوێنەرەکەی ئەمەریکا راشیگەیاند: "پشتیوانی لە بەردەوامی کارەکانی یونامی دەکەین، پشتیوانی لە ئامادەکارییەکانی یونامی دەکەین لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای هەلبژاردنەکانی عێراق، تا پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بکرێت لەم بەهارە بێ ئەوەی دوابخرێت."

رۆژی (10ـی کانوونی دووەمی 2024) دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ کوردستان24 جەختی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن لە تایبەتمەندی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە بەپێی یاسا، بۆیە لە هەماهەنگیدا دەبین لەگەڵیان بۆ دیاریکردنی رۆژێکی گونجاو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە رۆژی (3ـی کانوونی دووەمی 2024) کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نووسراوی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردەوە کە ناتوانێت لە وادەی دیاریکراودا کە رۆژی (25ـی شوباتی 2024)ـەوە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات، هۆکارەکەشی بۆ دواکەوتنی بڕیاری دادگای فیدراڵی و دابینکردنی بودجەی پێویست بووە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ بەڕێوەچوونی ئامادەکارییەکان.

رۆژی سێشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) شاندی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەولێر لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکەش، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەرسومێکی هەرێمی بۆ دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەردەکات.