هەوراز عەبدولقادر: سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی کار و تۆڕی پاراستن بە ئەلیکترۆنی دەکرێت

بە ئەلیکترۆنیکردنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی
بە ئەلیکترۆنیکردنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی تۆڕی پاراستنی دیوان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیار دراوە کاری سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی کار و تۆڕی پاراستن بە ئەلیکترۆنی بکرێت، ئەمەش لە پێناو ئاسانکردنی کارووباری هاوڵاتیان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی شوباتی 2024، هەوراز عەبدولقادر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی تۆڕی پاراستنی دیوان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بڕیار دراوە سیستەمی ئەلیکترۆنی بۆ بەڕێوەبەرایەتی کار و تۆڕی پاراستن بکرێت، ئەویش بۆ ئەو کرێکارانەی کە کاریان لە بەڕێوەبەرایەتی کار و تۆڕی پاراستن هەیە. بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە بتوانن کارەکانیان رایی بکەن و قەرەباڵغی دروست نەبێت.

ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی: "سیستەمی تاکپەنجەرە لە ئێستادا پەیڕەو دەکرێت و مامەڵەی ئەو کەسانە لە یەک شوێن وەردەگیرێت و کارەکانیان بۆ جێبەجێ دەکرێت و دەیاندرێتەوە".

هەوراز عەبدولقادر راشیگەیاند، لە پێشوودا هەندێکییان لە خاوەن پێداویستی تایبەت دوو مووچەیان هەبوو، بەڵام ئێستا بەهۆی سیستەمی ئەلیکترۆنی هەر خاوەن پێداویستی تایبەتێک دەتوانێت یەک مووچە وەربگرێت و ئەو فشارەش لەسەر کارمەندان هەیە کەمببێتەوە، جگە لەوەش بۆ ئاسانکردنی کار و کاروباری هاووڵاتییانە لە بەڕێوەبەرایەتییەکان.