ئانۆ جەوهەر: دەبێت کورسی پێکهاتەکان وەکو خۆی بمێنێتەوە

K24 – هەولێر

وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئێمە جەختمان لەسەر مافە دەستوورییەکانمان کردووەتەوە کە دەبێت کورسی پێکهاتەکان وەکو خۆی بمێنێتەوە.

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئێمە جەختمان لەسەر مافە دەستوورییەکانمان کردووەتەوە، کە دەبێت کورسی پێکهاتەکان وەکو خۆی بمێنێتەوە. چ هی تورکمان بێت یاخود کلدان و سریان و ئاشوور و ئەرمەنەکان بێت.

جەوهەر گوتیشی: دەبێت کورسی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردن، لەسەر ئاستی ئەک بازنە بێت، هەروەها دەبێت لەداهاتوودا میکانیزمێکی باشتر بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی پێکهاتەکان بتوانن بە باشترین شێوە نوێنەرایەتی خۆیان بکەن.

وەزیری گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بەوەشکرد، هەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی کە لەخولی داهاتووی پەرلەمان دەنگ بدرێت لەسەر یاساییەک، کە پێکهاتەکان لەرێگەی ئامادەکردنی تۆمارێکی نوێی دەنگدەران، دەنگ بە خۆیان بدەن، گوتیشی: ئەگەر بۆ ئێستاش نەبێت چەنکە هەڵبژاردن دوا کەوتووە، دەبێت بۆ خولی داهاتوو ئەمە بکرێت، چونکە ناکرێت لەبەر ململانێی حزبێکی دیاریکراو دەست بۆ مافی پێکهاتەکان ببرێت.

ئانۆ جەوهەر لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24 گوتی: ئەو بابەتەی ئێستا کە لە دادگای فیدراڵیە ئەو مافی ئەوەی هەیە بڵێت بابەتەکە دەستوورییە یان دەستووری نییە، بۆیە ئەم بابەتە بەشێوەیەک بردرا بۆ دادگای فیدراڵی کە نەئەبوو بدرابووایە، چونکە هیچ پەیوەندییەکی بە دادگای فیدراڵی نییە.