کۆلۆمبیا بەبۆنەی رۆژی ڤالانتاینەوە زیاتر لە 700 ملیۆن گوڵی هەناردە کردووە

K24 - هەولێر

کۆڵۆمبیا کە بەرهەمهێنەری سەرەکی گوڵە لە کیشوەری ئەمەریکا، بەبۆنەی رۆژی ڤالانتاینەوە زیاتر لە 700 ملیۆن گوڵی هەناردەی چەند وڵاتێک کردووە، کە دیارترینیان ئەمەریکایە.

جێنیفر مۆخیکا، وەزیری کشتوکاڵ و گەشەپێدانی گوندەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئەم ژمارەیە لەسەدا 15ـی کۆی گشتی هەناردەی ساڵانەی گوڵە، کە کۆڵۆمبیا دووەم گەورەترین دابینکەری ئەم بەرهەمەیە لە جیهاندا لە دوای هۆڵەندا

مۆخیکا روونیشی کردەوە کە "زۆرینەی رەهای کرێکارانی ئەم بوارە ئافرەتانن کە بژێوی خێزانەکانیانیان دابین دەکەن.

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، کۆڵۆمبیا بە بەرهەمهێنانی زۆرێک لە جۆرەکانی گوڵ جیا دەکرێتەوە، کە دیارترینیان گوڵی سوور، قەنەفر، گوڵی زەرد "داودی"، گوڵی مۆر و گوڵی سوسەن، هەروەها گوڵ لە دووەم بەرهەمە لەدوای بەرهەمی کشتوکاڵی شیرەمەنی کە زۆرترین هەناردە دەکرێت، بەو پێیەی زیاتر لە 60 جۆر و هەزار و 600 پێکهاتەی گوڵ هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێن.

رۆژی ڤالانتاین کە خەڵکی کۆڵۆمبیا لە مانگی ئەیلوولدا ئاهەنگی بۆ دەگێڕن و رۆژی دایکیش دەکەوێتە مانگی ئایار لەم وڵاتەدا، بۆیە زۆرترین رێژەی گوڵ لە دەرەوەی بۆ دەرەوەی وڵات دەفرۆشرێن.

رۆژی ڤالانتاین کە دەکەوێتە 14ـی شوباتەوە، نزیکەی 27 هەزار هەلی کاری کاتی دابین دەکات، ئەمە جگە لەو 110 هەزار هەلی کارەی کە پێشتر لەم کەرتەدا هەبووە.

لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا گواستنەوەی گوڵ سێ هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە نێوان 30 بۆ 40 گەشت لە رۆژێکدا.

جگە لە ئەمەریکا، کۆڵۆمبیا گوڵ هەناردەی نزیکەی 100 وڵات دەکات، لەوانە ژاپۆن، هۆڵەندا، فەرەنسا، ئیسپانیا و کۆریای باشوور.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە نێوان مانگەکانی کانوونی دووەم و تشرینی یەکەمی ساڵی 2023، داهاتی هەناردەکردنی گوڵی کۆڵۆمبیا 1.75 ملیار دۆلار بووە.