وەزارەتی پەروەردە بڕیارێک لە بەرژەوەندی قوتابیانی پۆلی 12 دەردەکات

پۆلێکی قوتابییان
پۆلێکی قوتابییان

K24 - هەولێر

وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا بە پێدانی پێنج نمرەی بڕیار بۆ قوتابییان و خوێندکارانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 20-02-2024، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرمانێکی وەزاریدا بڕیاریدا بە پێدانی پێنج نمرەی بڕیار بۆ قوتابییان و خوێندکارانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە بە مەبەستی وەرگرتنی مافی بەشداربوون لە تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی.

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیارەکەیان لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و ڕەچاوکردنی دۆخی قوتابییان و خوێندکارانی پۆلی 12ـی ئامادەیی دەرکردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە بە گوێرەی بڕیاری لیژنەی باڵای تاقیکردنەوە گشتییەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە، رۆژی 03-03-2024، تاقیکردنەوەکانی بەرایی پۆلی 12ـی ئامادەیی (زانستی و وێژەیی) لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و تا رۆژی 13-03-2024 بەردەوام دەبن.

بەگوێرەی ساڵنامەی خوێندنی (2023-2024)ـی وەزارەتی پەروەردە؛ 3ـی حوزەیران تا 1ـی تەمموزی 2024، خولی یەکەمی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی و پیشەیی) و خولی دووەمیش لە (4ـی ئاب تا 12ـی ئابی 2024) بەڕێوەدەچن.

 

بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە
بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە