ئێرانییەکان لە ریزبەندی دووەمی گەشتیارانی بیانین لە تورکیا

K24 - هەولێر

بەگوێرەی تازەترین راپۆرتی وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزاری تورکیا تەنیا لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ دوو ملیۆن 47 هەزار و 27 گەشتیاری بیانی سەردانی تورکیایان کردووە، لە نێویاندا گەشتیارانی رووسی و ئێرانی لە رێزبەندی یەکەم و دووەمدان، بەراورد بە هەما ماوەی ساڵی رابردوو سەردانی گەشتیارانی بیانی بۆ تورکیا بە رێژەی 2.5% زیادی کردووە.

وەزارەتەکە لە ئامارەکانیدا ئاماژەیداوە، تەنیا لە مانگی کانوونی دووەمی 2024دا 230 هەزار 579 گەشتیاری رووسی سەردانی تورکیایان کردووە، کە لە پلەی یەکەم دێن و دوای ئەوانیش گەشتیارانی ئێران خانەی دووەمیان گرتووە، کە 211 هەزار 801 گەشتیار سەردانی تورکیایان کردووە، کە بەراورد بە مانگی یەکی ساڵی رابردوو ژمارەی گەشتیارانی ئێرانی بۆ تورکیا بە رێژەی 87% زیادیانکردووە،  بەڵام عێراقییەکان بە 54 هەزارو 508 گەشتیارە لە پلەی هەشتەمی ئاماری وەزارەتی روشنبیریی و گەشتوگوزاری تورکیا جێگەیان گرتووە، بە پێچەوانەی تەواوی وڵاتان گەشتیارانی ئیسرائیلی بۆ تورکیا کەمیکردووە و بەگوێرە ئامارەکان لە کۆی 47 هەزار گەشتیاری ئیسرائیل ساڵی رابردوو، ئەمساڵ ژمارەیان بۆ چوار هەزار گەشتیار کەمیکردووە، هۆکارەکەشی شەڕی سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حەماسە، کە کاریگەری لەسەر هەڵوێستی حکومەت و کۆمەڵگەی تورکیا دروستکردووە بەرانبەر بە ئیسرائیل.

دەربارەی گەشتیارانی وڵاتە عەرەبییەکان بۆ تورکیا، لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە گەشتیارانی سعوودیە بە تایبەتکراوە، کە لە مانگی رابردوودا 39 هەزار گەشتیاریان سەردانی تورکیایان کردووە و بەراورد بە مانگی یەکی ساڵی رابردوو بە رێژەی 30% زیادی کردووە، بەڵام لە وڵاتانی دیکە عەرەبی ژمارەی گەشتیارەکان بۆ تورکیا نەک زیادی نەکردووە، بەڵکو بە رێژەیەکی دیاریکراو کەمیکردووە.

بە درێژایی ساڵی 2023 نزیکەی 50 ملیۆن گەشتیاری بیانی سەردانی تورکیایان کردووە، کە داهاتی کەرتی گەشتیاری تورکیا لە ساڵی رابردوو 54 ملیار دۆلار بووە، کە بەراورد بە ساڵی 2022 بە رێژەی 17% زیادی کردووە.

حکومەتی تورکیا لە پلانی گەشتیاری ساڵی 2024 ئامانجێتی پێشوازی لە 60 ملیۆن گەشتیاری بیانی بکات و 60 ملیار دۆلار داهات بە دەست بهێنێت.

ژمارەی گەشتیارانی بیانی لە مانگی کانوونی دووەمی 2024

- رووسیا 230.579

- ئێران 211.801

- بولگاریا 162.414

- ئەڵمانیا 142.825

- جۆرجیا 97.296

- بەریتانیا 70.532

- ئازربایجان 57.185

- عێراق 54.508

- یۆنان 50.942

کەمبوونەوەی کڕیارانی یەکەی نیشتەجێ بوون

لەبارەی فرۆشتنی یەکەی نیشتەجێبوون بە خەڵکی بیانی لە تورکیا، بە گوێرەی راپۆرتەکانی ناوەندی ئاماری ئەو وڵاتە، کڕیارانی موڵک و یەکەی نیشتەجێبوون لە تورکیا بە رێژەی نزیکەی 50% کەمیکردووە و لە مانگی رابردووی ئەمساڵدا تەنیا دوو هەزار و 73 یەکەی نیشتەجێبوون لەلایەن خەڵکانی بیانی کڕدراوە.

گەشتیارانی رووسیا لە پلەی یەکەمی کڕیارانی شووقە و یەکەی نیشتەجێبوون دێن لە تورکیا، دواتر گەشتیارانی ئێران لە پلەی دووەم دێن و بەگوێرەی ئامارەکان کڕیارانی ئێران بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی 40% کەمی کردووە، بەپێی تۆمارەکان مانگی یەکی ساڵی رابردوو 526 یەکەی نیشتەجێبوونیان کڕیوە، بەڵام مانگی یەکی ئەمساڵ ژمارەکە بۆ 208 یەکەی نیشتەجێبوون دابەزیوە، هۆکاری کەمبوونەوەی خواستی کڕین لە سەر موڵک لەلایەن خەڵکانی بیانی دەگەڕێتەوە بۆ توندکردنی رێکارە سەرمایەگوزاری بیانی لە تورکیا، بە تایبەت لە کڕینی شوقە و یەکەی نیشتەجێبوون.