رۆژنامەنووسێک: نەمانی کورسی کۆتا لێدانە لەو پێکەوە ژیانەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە

K24 - هەولێر

چالاکوان و رۆژنامەنووسێکی تورکمان رایگەیاند، لە دوای ساڵی 1991ەوە تاوەکو ئێستا چەرخی زێڕینی رۆژنامەی تورکمانی بووە لە هەرێمی کوردستان.

ئەحمەد سەید یەعقوب، چالاکوان و رۆژنامەنووس، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە دوای ساڵی 1991ەوە تاوەکو ئێستا چەرخی زێڕینی رۆژنامەی تورکمانی بووە، بەڵام لەدوای ساڵی 2014 بەهۆی قەیرانی ئابووری رۆژنامەی تورکمانی هەندێک پاشەکشەی کرد، بەڵام وەکو ئازادی رۆژنامەگەری، ئێمە چەندین کەناڵ و رادیۆمان هەیە، بە ئازادانە کاری بیرورای خۆمان دەردەبڕین.

ئەو رۆژنامەنووسە گوتیشی: لە رۆژنامەی (حواديث) کە یەکەم رۆژنامەی تورکمانییە، چەندین رۆژنامەنووس و نوسەری کوردی هەبووە نووسینیان نووسیوە، کوردەکان توانیویانە لە گشت رۆژنامە و گۆڤارەکانی تورکمانی بابەتەکانی خۆیان بڵاوبکەنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی کات رۆژنامەنووسە تورکمانەکانیش پاڵپشتی لە دۆزەکانی کورد دەکەن، هەروەها حکومەتی هەرێمیش بە پاڵپشتی پێکهاتە و نەتەوەکانی خۆمان دەزانین.

سەید یەعقوب باسی لەوەشکرد: "نەمانی کورسی کۆتاکان هیچ کاریگەرییەکی لەسەر نەتەوەی تورکمان نابێت، ئێمە کورسیمان هەبێت یان نا، هەر لەو ناوچەیەیین و ناوچەکە بەزێدی باب و باپیرانی خۆمان دەزانین، بەڵام نەمانی کورسی کۆتا لێدانە لەو پێکەوە ژیانەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە".