سێنتکۆم: ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکانمان لە دەریای سوور خستە خوارەوە

K24 - هەولێر

فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا رایگەیاند، فڕۆکەیەکی ئەمەریکی و کەشتییەکی هاوپەیمانان پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکانیان لە دەریای سوور خستە خوارەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی شوباتی 2024، فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا 'سێنتکۆم' لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند،  فڕۆکەیەکی ئەمەریکی و کەشتییەکی هاوپەیمانان پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکانیان لە دەریای سوور خستە خوارەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی گروپی حوسییەکانی یەمەنەوە هەڵدراون.

هەروەها دووشەممەی رابردوو، فەرماندەی کەشتی پێنجەمی ئەمەریکا، جۆرج ویکۆف بە ئەلمۆنیتۆری رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی سەرکردایەتی ئەمەریکا بۆ سەر حوسییەکان لە یەمەن کە زیاتر لە مانگێکە بەردەوامە، نەیتوانیوە رێگریان لێبکەن و هیوای خۆی دەربڕی کە بە هەوڵی دیپلۆماسی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور و عەرەبی بوەستێنن.

ویکۆف ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەستەمە بڵێین ئێمە سەرکەوتوو بووین لە لاوازکردنی تواناکانی حوسییەکان بەڵام بە دڵنیاییەوە سەرکەوتوو بووین لەوەی ئەوان شێوازی کارکردنیان گۆڕیوە".