پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان: لابردنی کورسییەکانمان بڕیارێکی ستەمکارانەیە

دادگای فیدراڵی
دادگای فیدراڵی

K24 - هەولێر

پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان داوادەکەن فشار بخرێتە سەر دەسەڵاتدارانی عێراق، تاوەکو دەستوور جێبەجێبکەن، "چونکە لابردنی کورسی کۆتاکان بڕیارێکی ستەمکارانەیە".

ئەمڕۆ چوارشەممە، 28-02-2024، پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی بڕیارەکانی دادگای کە رۆژی 21ـی شوبات دەرچوون و، کورسی کۆتاکانی لە پەرلەمانی کوردستان، بە نا دەستووریی لە قەڵەم داوە، بڵاوکردەوە. 

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ئەو سکاڵایە لەلایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستان تۆمارکراوە، بۆیە ئەو بڕیارە بڕیارێکی ستەمکارانەیە، هەروەها تەقلیدێکی سیاسی کۆنە. لە ساڵی 1992ـەوە کە پەرلەمانی کوردستان دامەزراوە، مافی سیاسی پێکهاتەکان دابین کراوە".

ئاماژە بەوەش کراوە، "لە دوای راپەڕینەوە هەوڵدراوە هەرێمی کوردستان ببێتە شوێنێکی ئارام بۆ پێکهاتەکان لەبەرانبەر ستەمکارییەکانی سەدام حوسێن دا، پێشتریش هەولێر بووەتە ئامانجی هەڕەشەکانی داعش، بۆیە بەهەمووان هەوڵی لەناو بردنی داعش دراوە، هەروەها بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڕیارێکی ستەمکارانەن".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ئەو بڕیارانە لە بەرژەوەندیی لایەنێکی دیاریکراودایە، لەسەر حسابی هەموو پێکهاتەکان. ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر عێراق، کە دەبێتە هۆی پێشێلکردنی مافی تورکمانەکان و کریستییانەکان، ئەمەش هەوڵێکە بۆ گۆڕینی پەرلەمانی کوردستان لە فرەچەشنییەوە بۆ پەرلەمانێکی کوردی موسڵمان".

ئەو بڕیارەی دراوە، بۆ وەلانانی کورسی کۆتاکان، وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، "نەفەسێکی کۆنە کە لەساڵانی رابردووش لە عێراقدا هەبووە، بۆیە ئێمە وەکو نوێنەری تورکمان و کریستیانەکان داوادەکەین فشار بخرێتە سەر دەسەڵاتدارانی عێراق تاوەکو دەستوور جێبەجێبکەن و کودەتای لەسەر نەکرێت".

بەگوێرەى ماددەى 36ـی یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، پێنج کورسی کۆتا بۆ کلدان، سریان و ئاشوورییه‌كان تەرخان كراوه‌، لەگەڵ یەک کورسی بۆ پێکهاتەى ئەرمەن و پێنج کورسیش بۆ تورکمانەکان، بەڵام رۆژی 21ـی ئەم مانگە، دادگای فیدراڵی ئەو 11 کورسییەی هەڵوەشاندەوە.