عەتوان عەتوانی: مووچەی مانگی دووی مووچەخۆرانی هەرێم پەیوەستە بەو زانیارییانەی حکومەتی هەرێم پێشکەشی دەکات

K24 – هەولێر:

سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، مووچەی مانگی دووی مووچەخۆرانی هەرێم پەیوەستە بە لیستی مووچە و ئەو زانیاریانەی حکومەتی هەرێم پێشکەشی بەغدای دەکات.  

عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانی كه‌ په‌یامنێری كوردستان24 تێیدا ئاماده‌ بوو، رایگه‌یاند، بە گوێره‌ی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی، مووچه‌ی مانگی دووی مووچه‌خۆرانی هەرێم بەپێی ئەو لیست و زانیاریەیە کە حکومەتی هەرێم پێشکەشی بەغدای دەکات، بەڵام بۆ مانگی سێ پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەرێگەی هەژماری بانکییەوە دابینبکرێت.

هه‌روه‌ها گوتیشی: "خشتەی خەرجییەکانی ساڵی 2023 هێشتا نەگەیشتووەتە پەرلەمانی عێراق، کە بەپێی یاسای بودجە دەبوو خشتەی خەرجییەکانی حکومەت پێش کۆتاییهاتنی ساڵ بگەشتایەتە دەستمان".

 ده‌شڵێت: "ئێستا خشتەکە لەوەزارەتی پلاناندانە و بەپێی یاساکانی بودجە هەمواری دەکەن".