حكومه‌تی عێراق 50 ملیار دینار بۆ سندووقی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شنگال ته‌رخان ده‌كات
K24 - هەولێر:
له شنگال سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وای كرد و تێیدا 50 ملیار دیناری بۆ سندووقی ئاوه‌دانی شنگال ته‌رخان كرد.
له‌میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقدا هاتووه، ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه 4ـی ئاداری 2024) سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكایه‌تی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وای كرد.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه، كۆبوونه‌وه‌كه له قه‌زای شنگال به‌ڕێوه‌چوو، تێیدا سوودانی جه‌ختی كرده‌وه، كه ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان وێستگه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌دای حكومه‌ته نێوخۆییه‌كانه و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، به‌هۆی وێرانكاریی و هێرشی تیرۆریستان، پارێزگای نه‌ینه‌وا پێویستی به ئاوه‌دانی زیاتر و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی هاووڵاتییانه.
سوودانی له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌روه‌ها روونیكرده‌وه، حكومه‌تی ئیتیحادی پابه‌نده به هاوكاریكردنی حكومه‌ته خۆجێیه‌كان، هه‌روه‌ها ئه‌وله‌ویه‌تی كاری پارێزگاره‌كان هیچی له كاری حكومه‌ت كه‌متر نییه، له‌پێناو دابینكردنی هه‌لی كاری زیاتر و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دیارده‌ی هه‌ژاری.
هه‌روه‌ها له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سوودانی ئاماژه‌ی به گرنگی پێگه‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وا كرد.
له‌باره‌ی دۆخی شنگاله‌وه، سوودانی گوتی: "په‌یامی ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه له شنگال بۆ خه‌ڵك و دانیشتوانه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه، كه حكومه‌تی عێراق به‌نیازه هه‌ڵمه‌تێكی ئاوه‌دانكردنه‌وه له شنگال ده‌ستپێبكات، له‌مپێناوه حكومه‌تی عێراق 50 ملیار دیناری بۆ سندووقی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شنگال له بودجه‌ی گشتی عێراق دابینده‌كات.
ئاماژه‌ی به رۆڵ و مه‌ینه‌تییه‌كانی ئێزدییه‌كان كرد، وێڕای جه‌ختكردنه‌وه له گرنگی به‌هێزكردنی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌قامگیری و برایه‌تی له شنگال و ته‌واو ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری نه‌ینه‌وا.
سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق جه‌ختیشیكرده‌وه، كه داوایان له وه‌زاره‌ته‌كان كردووه، وه‌ك ئاماده‌كاری بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان، لقی فه‌رمانگه‌كانیان له شنگال بكه‌نه‌وه، له‌نێویشیاندا ده‌زگای شه‌هیدی بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی دۆسییه‌ی شه‌هیدانی شنگال.