کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی ئێران: لە سێدارەدان بە رێژەی لە سەدا 43 زیادیکردووە

K24 - هەولێر

کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی ئێران لە تازەترین راپۆرتی ساڵانەیدا، کە 16مین راپۆرتی کۆمەڵەکەیە رایگەیاند، لە ساڵی 2023دا لە ئێران 832 کەس لە سێدارەدراون، کە بەراورد بە ساڵی 2022 رێژەکە 43% زیادی کردووە.

کۆمەڵەکە ئاماژەی بەوە کردووە، سەپاندن و جێبەجێکردنی لە سێدارەدان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران بووەتە فاکتەرێک بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەت و دەسەڵات، ئەمەش هۆکارێکە بۆ زیادبوونی ژمارەی لە سێدارەدان لەو وڵاتە، بۆ ئەمەش جێبەجێکردنی هەشت حاڵەتی لە سێدارەدانی لە ساڵی 2023 بە نمونە هێناوەتەوە، کە لە خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوەکان بوون لە دادگاییکردنێکدا دوور لە هەموو بەها و پێوەرێکی یاسایی بە لە سێدارەدان سزادران و سزاکەشیان بەسەردا جێبەجێکراوە.

کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی ئێران، رەخنە لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هەڵوێستی وڵاتان دەگرێت و رایگەیاندووە، لە سەرەتای ساڵی 2023 خۆپیشاندانی خەڵکی ئێران و سەرکوتکردنیان لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە رووبەڕووی هەڵوێستی و وڵامدانەوەی توندی نێودەوڵەتی دەبۆوە، بەڵام لە نیوەی دووەمی هەماساڵدا ئاستی وڵامدانەوە و هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکان لە کورتیدا، هەروەها هەڵوێست و هۆشدارییەکانی هەر یەک لە ئەڵمانیا، فەرەنسا و رێبەری کاسۆلیکی جیهانی بە نموونە هێناوەتەوە، کە چۆن دژایەتی رەفتارەکانی ئێرانیان کردووە بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان و لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران.

لە درێژەی راپۆرتەکەیدا، کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی ئێران رایگەیاندووە، لەوەتەی شەڕ لە نێوان حەماس و ئیسرائیل هەڵگیرساوە، پرۆسەی لە سێدارەدان لە ئێران خێراتربووە و تەنیا لە دوو مانگی یەکەمی شەڕەکە لانیکەم 176 کەس لە ئێران سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێکراوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە چاوی جیهانی هێندەی لەسەر شەڕی غەززەیە، لە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بێ ئاگابوون.

هەروەها ئاماژەیداوە، ئێران بەشێکی زۆری لەسێدارەدانەکان بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر جێبەجێ دەکات، لە نێویاندا پێشێلی هەموو پەیماننامە و بڕیارە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ کردووە، بە گوێرەی ئامارەکان لە ساڵی 2023 سزای لەسێدارەدانی کەسێکی جێبەجێکردووە، کە تەمەنی 17 ساڵان بووە.

هەروەها رایگەیاندووە لە سەرەتای 2012 تاوەکوو مانگی تەمموزی 2023 زیاتر لە پێنج هەزار کەس لە ئێران لەسێدارەدراون، نزیکەی 57یان منداڵ بوون.