ئابووریناسێک: بەرپرسانی عێراق بۆ بەخێوکردنی خۆیان پشت بە داهاتی نەوت دەبەستن

کێڵگەیەکی نەوت لە عێراق
کێڵگەیەکی نەوت لە عێراق

K24 - هەولێر

لە کاتێکدا سندووقی دراوی نێودەوڵەتی جەخت لە پشتیوانیکردنی چاکسازیکردن لە ئابووری عێراق دەکاتەوە، هاوکات شارەزایانی بواری سیاسەتی ئابووری ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەکە شیدەکەنەوە.

سندووقی درای نێودەوڵەتی جارێکی دیکە داوا لە عێراق دەکات پشتبەستن بە نەوت وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی داهات کەمبکاتەوە هەروەها چاکسازی هەمەلایەنە لە کەرتەکانی دیکەی ئابووریدا ئەنجام بدات.

سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی بەردەوامی  ڕێکخراوی دارایی نێودەوڵەتی، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق ماوەی دوو دەیەیە سەرکەوتوو نەبوون لە دامەزراندنی بناغەی ئابوورییەکی زیندوو و  بە هەمەچەشنکردنی داهاتەکان.

لە نوێترین راپۆرتیدا سندووقی دراوی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت، پێویستە حکومەتی عێراق هەناردەی نانەوتی زیاتر بکات بۆ پشتیوانیکردنی داهاتەکانی، ئەمەش لەپێناو کەمکردنەوەی بەرکەوتنی ئابوورییەکەی بە شۆکەکانی نرخی نەوت.

سندووقی دراوی نێودەوڵەتی داوا لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەکات، پشتیوانی لە فراوانکردنی قەبارەی وەبەرهێنان لە کەرتی تایبەتدا بکەن و، هەنگاوێکی سەردەمیانە لە کەرتی داراییدا پیادە بکات، جگە لە پێداچوونەوە بە  بانکە دەوڵەتییەکان و، دانانی سنوورێک بۆ گەندەڵی لە رێگەی چاکسازیکردن لە کەرتەکانی خانەنشینی و، کارەبا و، تێکڕای کەرتەکانی دیکە.

بە گوتەی عەبدولرەحمان مەشهەدانی، مامۆستای پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەکان کە بۆ "میدیای عەرەبی" قسەیکردووە؛ ئاستەنگی لە بەردەم چاکسازیکردن لە کەرتی دارایی و ئابووری  هەمەلایەنە، لە عێراق، نەبوونی ئیرادەی سیاسییە.

عەبدولرەحمان شێخلی، پسپۆڕی ئابووری بە کەناڵی "میدیای عەرەبی" گوتووە، بە رێەککەوتن و، پشکپشکێنەی تائیفی و، مەیل بۆ وڵاتانی دراوسێ، ڕێگرن لە گەشەسەندنی ئابووری عێراق. ئەو پێیوایە زۆرینەی لایەنە عێراقییەکان بۆ بەخێوکردنی خۆیان پشت بە داهاتی نەوت دەبەستن بێ ئەوەی هیچ هەوڵێک بۆ بیناکردنەوەی ئابووری گشتی بدەن.

دەشڵێت، دامەزراوە پیشەسازیی و، کشتوکاڵییەکان لە دوای ساڵی 2003 ـەوە توانای خۆ گونجاندنیان لەگەڵ پێشهاتەکانی سەردەمدا لەدەستداوە و، ئەگەری دووبارە بەگەڕخستنەوەیان نییە. هەروەها حکومەت رۆڵی بەرهەمهێنەر لە پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆدا ناگێڕێت، تەنانەت ئەو چەند ملیۆن کەسەی کە ساڵانە لە گەشتی ئایینیدا روودەکەنە عێراق، ڤیزایان بەبێ بەرامبەر پێ دەدرێت.

70 ساڵە عێراق پشت بە داهاتی نەوتیی دەبەستێت، بە گوێرەی راگەیێندراوێکی فرانس پرێس: نەوت لە %90ی  داهاتی دارایی عێراق پێک دەهێنێت، هەروەها  عێراق دووەم وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتە لە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) و، ڕۆژانە نزیکەی 4 ملیۆن بەرمیل هەناردە دەکات.

بە گوێرەی زانیارییەکان تەنیا لە ماوەی ساڵی 2023دا، لەعێراق و، بەبێ هەرێمی کوردستان، 47  ترلیۆن دینار کە دەکاتە 33. ملیار و 500 ملیۆن دۆلار تەنیا بۆ مووچە و، کرێیەکان، دابینکراوە، وێڕای ئەوەی حکومەتی عێراق لە پلانیدایە کرێیە گشتییەکان بە بڕی 6  ملیار دۆلار زیاد بکات. لە کاتێکدا رێژەی خەمڵێندراوی دانیشتووانی عێراق 43 ملیۆن کەسە زیاتر لە 10 ملیۆن کەس لە هێڵی هەژاریدان.

Fly Erbil Advertisment