جومانە غەلای بۆ کوردستان24: نوێکردنەوەی کارتی دەنگدان تاوەکو 10ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق

K24 – هەولێر:

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ماوەی دوو رۆژی دیکەش مۆڵەت دەداتە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ نوێکردنەوە و دەرهێنانی کارتی دەنگدان بە مەبەشتی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.

رۆژی هەینی (8ـی ئاداری 2024) جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ کورستان24 پشتڕاستی کردەوە، کە تۆمارکردن و نوێکردنەوەی دەنگدان تاوەکو (10ـی ئاداری 2024) کراوەیە و هاووڵاتییان دەتوانن سەردانی نزیکترین ناوەندی کۆمیسیۆن بکەن بۆ تۆمارکردنی زانیارییەکانیان و دواتریش کارتی دەنگدانیان بۆ دەردەکرێت.

هەروەها خالید عەباس، بەرپرسی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کورستان24ـی راگەیاند، ئەو هاووڵاتییانەی کارتی دەنگدانیان وێنەی پێوەنییە، ونیان کردووە یاخود تاوەکو ئێستا سەردانی ناوەندەکانی کۆمیسیۆنیان نەکردووە بۆ دەرهێنانی کارتی دەنگدان، سبەی و  دوو سبەی دەتوانن سەردانی نزیکترین ناوەند بکەن بۆ نوێکردنەوەی کارتی دەنگدان.

پێشتریش گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، لە (1ـی کانوونی دووەم تاوەکو 6ـی ئاداری 2024)، 10 هەزار و 810 کارتی بایۆمەتری لە هەرێمی کوردستان دابەش کراوە. بەشێوەیەک لەو ماوەیەدا، 109 هەزار و 18 کەس خۆیان لە تۆماری بایۆمەتری تۆمارکردووە، کە لە هەولێر 54 هەزار و 199 کەس خۆیان تۆمارکردووە، هەروەها لە دهۆک 24 هەزار و 347 کەس و لە سلێمانیش 30 هەزار و 472 کەس خۆیان لە تۆماری بایۆمەتری تۆمارکردووە، کە بەگشتی ئەو دەنگدەرانەی خۆیان تۆمارکردووە ژمارەیان گەیشتووەتە 109 هەزار و 18 دەنگدەر.

رۆژی یەکشەممە (3ـی ئاداری 2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسومێکدا، وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد کە رۆژی (10ـی حوزەیرانی 2024) بەڕێوەدەچێت. لەوبارەیەوە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەبوەکردووە، به‌پێى فه‌رمانه‌كه‌ هه‌موو لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان پابه‌ند ده‌بن به‌ ئه‌نجامدانى كارى پێويست بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ كۆمیسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بۆ جێبه‌جێكردنى فەرمانەکە،‌ کە لە رۆژى ده‌رچوونييه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت.