سەرۆکوەزیرانی ئێرلەندا داوا لە واشنتن دەکات پڕچەک کردنی ئیسرائیل ڕابگرێت

K24 - هەولێر

لیۆ ڤارادکار، سەرۆکوەزیرانی ئێرلەندا ڕەخنەی لە ئەمەریکا گرت بۆ دابینکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ ئیسرائیل، هەروەها داوای کرد ئەم هاوکارییانە ڕابگرێت.

ئاژانسی 'PA Media'ـی بەریتانی بڵاویکردەوە، لیۆ ڤارادکار، سەرۆکوەزیرانی ئێرلەندا لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی کۆبووەتەوە و ڕەخنەی لێگرتووە لەوەی چەک و تەقەمەنی بۆ ئیسرائیل دابین دەکات.

جۆو بایدنیش ڕایگەیاند، لەگەڵ داواکانی سەرۆکوەزیرانی ئێرلەندایە بۆئەوەی بەزووترین کات ئاگربەست لە غەززە ڕابگەیەنرێت.

ڤارادکار لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە واشنتن دی سی ڕایگەیاند، هێشتا ناکۆکی لە نێوان ئیدارەی هەردوو وڵاتدا لەسەر کۆمەڵێک بابەت هەیە.

دەشلێت: بۆ بایدنی ڕوون کردووەتەوە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل لە غەززە بەرگریکردن نییە لە خۆی.

سەرۆکوەزیرانی ئێرلەندا جەختی کردەوە، ئەمەریکا بە ڕژدی کاربۆ ئاگربەست دەکات، "بەڵام بایدن نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی داوای وەستاندنی دەستبەجێی ئەو کردە دوژمنکارییە بکات".

 هەینی ڕابردوو، سەرۆکوەزیرانی ئێرلەندا لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا بە دوو قۆڵی، لە نووسینگەی کۆشکی سپی کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا باسی شەڕەکانی ئۆکرانیا و غەززە و هەروەها پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئێرلەندا و ئەمەریکایان کرد.

Fly Erbil Advertisment