مانگی داهاتوو پردی نوێی دەربەندی رانیە دەکرێتەوە

K24 – رانیە:

زۆربەی کارەانی دروستکردنی پردی نوێی دەربەندی رانیە تەواو بووە و بەگوێرەی لێدوانی ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پرۆژەکەش چاوەڕێ دەکرێت دوای کەمتر لە مانگێکی دیكە بە رووی هاتووچۆی هاووڵاتییان بكرێتەوە.

پردی نوێی دەربەندی رانیە، 97%ـی کارەکانی تەواو بووە و هەندێك کاری رووناکردنەوە و پێداویستی کەمی ماوە و لە ئاییندەیەكی نزیكدا دەکرێتەوە، پردەکە سەرباری ئەوەی سیمایەکی جوانی بە دەربەندی رانیە بەخشیووە، بە کوالێتییەکی بەرز و سەردەمیانە دروستکراوە.

پردی نوێی دەربەندی رانیە درێیژیەکەی 420 مەترە و بەرزییەکەی 32 مەتر و پانییەکەشی 15 مەترە، شوێنی پەرینەوە بۆ پیادە لە ئۆتۆمبێل جیاکراوەتەوە، گوژمەی نزیکەی 13 ملیار دیناری لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دابینکرا و چاوەڕێ دەکرێت لەماوەی کەمتر لە مانگێکی دیکەدا لە دوا جەژنی نەورۆز بە رووی هاتووچۆدا بکرێتەوە.

لەلایەن خۆیەوە، ئەندازیار محەممەد ئەحمەد، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پرۆژەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، پرۆژەکە تەنیا کارکردنی کەمی ماوە و دەتوانن لە ماوەی 20 رۆژی داهاتوودا سەرجەم کارەکان تەواوبکەن و بۆ هاتووچۆ بکرێتەوە.

پێشتر پردێك لە هەمان جێگە دروست كرابوو، بەڵام بەهۆی چەند گرفتێكەوە، حكومەتی هەرێم پردێكی نوێی دروست كرد، ئەمەش لەپێناو گەیاندنی خزمەتگوزاریی باشتر و سەلامەتتر بۆ شۆفێران و خەڵكی دەڤەرەكە، بەتایبەت كە لە وەزری بەهاردا ئەو ناوچەیە گەشتیاری زۆری بۆ دەچێت.

ساڵی 2007 هاووڵاتییان بە قەیاغ لە زێی بچووک دەپەڕینەوە، دواتر پردێکی پەڕینەوە دروستکرا پێداویستی خەڵکی دەڤەرەکەی بە تایبەت بۆ کشتوکاڵ پڕنەدەکردەوە و رێگەی هاتووچۆی بارهەڵگرنەبوو لەسەر پردەکە، بە تەواوبوونی پردی نوێی دەربەندی رانیە، پێداویستی تەواوی خەڵکی سنوورەکە لە بواری هاتووچۆی کشتوکاڵی و گەشتیاری و بازرگانی پڕدەکاتەوە.

پرۆژەی پردی دەربەندی رانیە لە رۆژی (13ـی تشرینی یەکەمی 2020) بە ئامادەبونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی دانرا و سەرجەم شایستە داراییەکانیشی بۆ خەرجکراوە و پرۆژەکەش لە کاتی خۆیدا وەک یەکێک لە پرۆژە ستراتیژییەکانی رێگاوبان لە هەرێمی کوردستان تەواوکرا.

ئەم پرۆژەیە، جگە لە ئاسانکاری زۆر بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان و دیمەنێکی سەرنج راکێش، هاوکات لە رووی گەشتیارییەوە بایەخێکی زۆری هەیە و زۆرترین گەشتیار روو لە ناوچەکە دەکەن بەمەبەستی گەشت و سەیران، لە رووی کشتوکاڵ و دارایی و بازرگانیشەوە بایەخی گرنگی هەیە و رێگەی مەرزی کێلێ بە پارێزگای سلێمانی دەبەستێتەوە.

Fly Erbil Advertisment