بازاڕی گژوگیا بەهارییەکانی دەربەندی ڕانیە جمەی دێت
K24 - هەولێر
ساڵانە، لە سەرەتای مانگی ئادار تا کۆتایی مانگی نیسان بازاڕی گژوگیا بەهارییەکان لە هەرێمی کوردستان گەرمە. خەڵکانێکی زۆر لەم وەرزەدا حەزیان لەو جۆرە خواردنانە هەیە و بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی پێگەیشتنیان دەکەن، لە هەمانکاتدا کۆکردنەوەی گژوگیاکان لە کەژ و کێوەکان بووەتە سەرچاوەیەکی داهات بۆ خەڵکانێکی زۆر.
بازاڕی گژوگیا بەهارییەکان لە دەربەندی ڕانیە جمەی دێت، هەر جۆرە گژوگیایەکی بەهاری لە کوێستانەکان پێگەیشتبێت و بۆ خواردن بشێت، لەو بازاڕە دەست دەکەوێت، شوێنی ئەو بازاڕە کاتییە هێندە ستراتیجییە، جیا لە دانیشتوانی دەڤەرەکە سەرنجی ڕێبوارانی ڕێگەکەشی ڕاکێشاوە، هەر کەسە و لە ئۆتۆمبێلەکەی دادەبەزێت و بەدوای گژوگیای دڵخوازیدا دەگەڕێت، ئەمە جیا لەوەی خەڵکانێکیش هەن بە تایبەت بۆ ئەم بازاڕە و کڕینی گیا بەهارییەکان چەندان کیلۆمەتر ڕێگە دەبڕن.
سەفین ئەحمەد، فرۆشیارێکی گژوگیا بەهارییەکانی بازاڕەیەکە و بە دڵخۆشییەوە شوکرانەی خوا دەکات و بۆ کوردستان24 دەڵێ "لە خوای بە زیاد بی فرۆشیار و کڕیاری چاکیان لە سەرە".
دەشڵێت: تا وەکوو دوو ڕۆژە کنگر بووەتە 1500 بۆ 2000 دینار، ئەگەر نا نرخی هەر کیلۆیەکی بە 2500 تا وەکوو سێ هەزار دینار بووە، کاردووە ڕیشووەش بە هەر کیلۆیەکی بە سێ هەزار بۆ 3500 دەکڕینەوە و بە پێنج هەزار دیناریشی دەفرۆشینەوە.
ئەم ساڵ پێگەیشتنی گژوگیا بەهارییەکان کەوتە ناو مانگی ڕەمەزان، ئەگەرچی گژوگیا بەهارییەکانی ژەمێکی سوکن و هاوڵاتیانیش بەگشتی پەنا بۆ ژەمە قورسەکان دەبەن، بەڵام نە مانگی ڕەمەزان و نە خواستی هاووڵاتییان کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لە بازاڕی گژوگیا بەهارییەکان نەکردووە و بازاڕەکە هەر گەرم و گوڕە و جمەی دێت لە کڕیار و فرۆشیاران.

حەمەدەمین ڕەسووڵ هاوڵاتی بۆ کوردستان24 دەڵێت: لەبەر ئەوەی تازە گژوگیا بەهارییەکان پەیدا بوونە، هاووڵاتییان هەڵپەی خواردنی دەکەن. خۆم لە وەتەی ڕەمەزان هاتووە، چوار جار کاردووم خواردووە، چونکە وەرزەکەی کورتە و کۆتایی بێت، تا وەکوو ساڵی داهاتووە بە دەست ناکەونەوە.
لەگەڵ ئەو بەفرو بارانە زۆرەی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو باریوە، بەرهەمەکانی زیاتر کردووە و ئەو بازاڕەشی باشتر بوژاندووەتەوە، نرخەکانیش بە گوێرەی جۆرەکانی گژوگیا بەهارییەکان دەگۆڕێن، لە نێویاندا دەسکێک سەوزەی هەندرێشە نرخەکەی لە نێوان حەوت هەزار بۆ دە هەزار دینارە و چونکە سەرەتای پێگەیشتنێتی و خەڵکی نۆرەی بۆ دەگرن.
هاووڵاتییان بە ڕاز و نیازی جیاوازەوە ڕوو لەو بازاڕەی دەربەندی ڕانیە دەکەن، هەندێکیان گژوگیا بەهارییەکان بە دەرمان و بۆ تەندروستی بەباشی دەزانن، هەندێکی تریش بە ژەمێکی بەچێژ دەیخۆن.