حەیدەر قورەیشی: بێکاری سەرەکیترین هۆکاری زۆربوونی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەرە لە عێراق

K24 - هەولێر

ئەندامی تیمی نەتەوەیی دژە مادەی هۆشبەر لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند، هۆکانی زۆربوونی مادەی هۆشبەر بە شێوەیەکی گشتی لە عێراق زۆرن، بێکاری سەرەکیترین هۆی ئالوودەبوونە بە مادەی هۆشبەر.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 31ـی ئاداری 2024، حەیدەر قورەیشی، ئەندامی تیمی نەتەوەیی دژە مادەی هۆشبەر لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لەمیانی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، هۆکانی زۆربوونی مادەی هۆشبەر بە شێوەیەکی گشتیی لە عێراق زۆرن، هۆیەکان هەمە چەشنن، بەڵام گرنگترینیان بریتییە لە بێکاری، چونکە بێکاریی هۆیەکی سەرەکییە و هۆیەکی دیکەش پەیوەندیی بە عەشیرەت و  لایەنی ئایینی و هۆشیاری کۆمەڵایەتییەوە هەیە.

بەگوتەی ئەو، "لەلای گەنجان ئارەزوویەک هەیە کە حەز دەکەن هەموو شتێک تاقیی بکەنەوە، ئەم ئەزموونە بۆ دواجار بووەتە هۆ کە مادە هۆشبەرەکان بۆ جارێک و دووجار تاقی بکاتەوە. بۆ ئەوەی بزانێت کاریگەریی چۆنە دواجاریش ئالوودەی مادەی هۆشبەر دەبێت."

ئەو ئەندامە دەشڵێت: "مادە هۆشبەرەکان دابەش دەکرێنە سەر دوو جۆر، جۆرێکیان پێی دەگوترێ مادەی هۆشبەر، ئەوی دیکەشیان پێی دەگوترێ کار تێکەرەعەقڵییەکان. جۆرەکانیشی، وەک هیرۆین، حەشیش، کریستاڵ، جۆرەکانی دیکەی، ئەمانە بە شێوەیەکی گشتی لە هێڵی ڕۆژهەڵاتی عێراقەوە دێن، واتە لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەهێنرێنە عێراقەوە."

قورەیشی گوتیشی: "بەشەکەی دیکە کە کارتێکەرە عەقڵییەکانن وەک؛ کەپتاگۆن و حەبەکان لە سووریا و لوبنانەوە دەهێنرێنە ناو خاکی عێراق ساغ دەکرێنەوە. بۆیە ئەم دابەشکارییەی ئێمە پشتی پێ دەبەستین، ئەوە دۆخی ڕاستەقینەی ئێستای عێراقە."

حەیدەر قورەیشی  ڕاشیگەیاند، سەبارەت بە پارێزگاکان بە شێوەیەکی گشتیی ئەو پارێزگایەی کە مادەی هۆشبەری تێدا بڵاوە، بریتین لەو پارێزگایانەی کە کەوتوونەتە سنووری ئێران، واست، بەسرە، عەمارە. گەنجان لە پێشینەی ئەو کەسانەن، واتە 14 بۆ 15 ساڵی تا دەگاتە تەمەنی 30 بۆ 35 ساڵی ئەو توێژەن کە زۆرترین مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنن بە ژن و پیاوەوە.

قورەیشی ئەوەشی خستە ڕوو، وەکو وەبەرهێنان ئێمە لە عێراق شتێکی وامان نییە، دوو مانگێک لەمەوبەر، کارگەیەکیان دۆزییەوە لە پارێزگایەکی باشووری عێراق، بەلام شتێکی وانەبوو، کۆنترۆڵکراو بکەرانیشی دەسگیرکران. بەڵام وەکو بەرهەمهێنان لە عێراق مادەی هۆشبەر بەکار ناهێنرێت. تەنیا بە ئامادەیی لە سنوورەکانی عێراقەوە دێت.

Fly Erbil Advertisment