بانکی نێودەوڵەتی زیانەکانی ژێرخانی کەرتی غەززەی ئاشکرا کرد

دیمەنێکی باڵەخانە وێرانبووەکانی غەززە
دیمەنێکی باڵەخانە وێرانبووەکانی غەززە

K24 - هەولێر

بانکی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت، بڕی زیانەکان کە بەر ئابووریی و ژێرخانی غەززە کەوتووە بە 18.5 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت. ئاماژە بەوەش دەکات، سه‌دا 72ـی باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون خاپوور بوون و سه‌دا 75ـی دانیشتووانی غەززەش ئاوارەبوون.

جگە لە زیانی گیانی کە بەمەرگەساتێکی بێ وێنە هەژمار دەکرێت، لە دوای رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023ـ، هاوکات هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، کارەساتێکی ماڵی و دارایی بەسەر شارەکەدا هاتووە.

لە راپۆرتێکی هاوبەشدا بانکی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویان کردووەتەوە، زیانەکانی ژێرخانی غەززە بە 18.5 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت  کە بریتییە لە %97ـی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی کەرتی غەززە و کەرتی رۆژئاوا بەیەکەوە لە ساڵی 2022ـدا.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون لە کەرتی غەززە رێژەی %72ـی بڕی زیانەکان پێک دەهێنن، ژێرخانی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک، ئاو و تەندروستی و پەروەردە رێژەی %19ـی زیانەکان و، زیانی باڵەخانەکانی بازرگانی و پیشەسازی %9ـی کۆی زیانەکان پێکدەهێنن.

بەگوێرەی راپۆرتەکە %84ـی نەخۆشخانەکان زیانیان بەرکەوتووە و، دانیشتوانی غەززە دەستیان بە کەمتر %5ـی خزمەتگوزارییەکان و ئاوی خاوێن دەگات.

 بەگوێرەی ئاماری راپۆرتەکە لە %100ـی قوتابخانەکان رووخاون و کەرتی پەروەردە بە تەواوی لە کەرتی غەززە داڕماوە. هەروەها %92ـی رێگا سەرەکییەکان و، ژێرخانی پەیوەندییەکان بەتەواوی خاپوور بووە. ئەمەش گەیاندنی کۆمەک و هاوکاری مرۆیی بەگوێرەی راپۆرتەکە ئیجگار قوڕستر کردووە.

بانکی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت، پاشـماوەی داروپەردووی باڵەخانەکان لە غەززە نزیکەی 26 ملیۆن تۆنن و، رەنگە چەندین ساڵ بخایەنێت بۆ لابردن و فڕێدانیان.

راپۆرتەکە باس لە کاریگەرییە ئابورییەکانی سەر دانیشتووان دەکات و، جەخت لەوە دەکاتەوە زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی غەززە لە لێواری برسیەتیدان و، تەواوی دانیشتوانی غەززە بەدەست نەبوونی ئاسایشی خۆراکەوە دەناڵێنن، زیاتر لە ملیۆنێک کەس بی ماڵ و حاڵن و ، %75ـی دانیشتوانی کەرتی غەززە ئاوارە بوون.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە: ژنان، منداڵان، بەساڵاچووان، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، بەرکەوتەی زۆرترین زیانی جەنگی کارەساتباری غەززەن، جگە لەو کاریگەرییە نەرێنیانەی کە بەدرێژایی ژیانیان لەسەر گەشەی منداڵان دروستی دەکات.

هاوکات بانکی نێودەوڵەتی گرتنەبەری رێوشوێنە سەرەکی و سەرەتاییەکانی  پێشوەختەی دیاریکردووە: بە زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکان، بەرهەمهێنانی خۆراک، دابینکردنی سەنتەری داڵدەدان و چارەسەرکردنی نیشتەجێبوونی گشتگیر بەخێرایی بۆ ئەو کەسانەی ئاوارەبوون جگە لە دەستپێکردنەوەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ دانیشتووان.