فارس عیسا: پرۆژەی هەژماری من بەردەوام دەبێت

فارس عیسا، بەرپرسی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا
فارس عیسا، بەرپرسی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا

K24 – بەغدا:

بەرپرسی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕایگەیاند، خوازیارن بەغدا مامەڵەی سیاسیی لەگەڵ کێشەکان نەکات و جەختیکردەوە کە پرۆژەی هەژماری من بەردەوام دەبێت.

ڕۆژی پێنجشەممە (4ـی نیسانی 2024) فارس عیسا، بەرپرسی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوام دەبن و شاندی حکوومەتی هەرێمیش کە دوێنێ لە بەغدا بوون،  لەسەر شێوازی ناردنی مووچە لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ، ڕێککەوتن.

فارس عیسا ئاماژەی بەوە کرد: بە خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان و هەماهەنگیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، شاندی دانوستکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق ڕێککەوتن، دوای ناردنی تەواوی مووچەی مانگی شوبات، هەرێم داتا و لیستی مووچەخۆرانی ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە بۆ ناردنی مووچەی مانگی ئادار.

لەبارەی پرۆژەی هەژماری من، فارس عیسا ڕایگەیاند، پرۆژەی هەژماری من وەک خۆی بەردەوام دەبێت بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێی سیستەمی بانکییەوە، هەروەها دووپاتی کردەوە، کە سەرۆکی بانکیی ناوەندیی عێراق لەبارەی پرۆژەی هەژماری منەوە جەختی کردووەتەوە کە پێشتر لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ دەستپێکردنی ئەو پرۆژەیە هەماهەنگ بوون و هیچ کێشەیەک لەو پرۆژەیەدا نییە.