کۆتایی هەفتەی خانمانی کورد، لە فەرەنسا

K24 – هەولێر
بە سپۆنسەری دامەزراوەی میدیای کوردستان 24 "کۆتایی هەفتەیەک لەگەڵ خانمان" بەڕێوە دەچێت.
ئەمڕۆ شەممە، 6ـی نیسانی 2024، لە هەرێمی ئۆکسیتانی باشوری فرەنسا، لە چوارچێوەی ڤێرژنی 17ـی فێستیڤاڵی "کۆتایی هەفتەیەک لەگەڵ خانمان"، کوردان بە مێژووی خەبات، فەرهەنگ و هونەری کوردی، سەرنجی فەرەنسییەکانیان بۆ دۆزی کورد ڕاکێشا.
فێستیڤاڵەکە، بەسەرپەرشتیی کۆمەڵەی دۆستانی کوردی-فەرەنسی لە 4ـی تا 7ـی نیسانی 2024 لە ناوچەی ئۆکسیتانی لە باشووری فەرەنسا بەڕێوە دەچێت.
لە یەکەمین ڕۆژدا هەریەک لە زوبێر مائی سەرۆکی کۆمەڵەی دۆستایەتی کوردی-فەرەنسی و دکتۆرە خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان و دکتۆر چنار سەعد عەبدوڵا، ڕۆژنامەنوس، خاتوو بیاترێس دیلیس، نووسەری کتێبی "جینۆسایدێکی لەبیرکراو: دەنگی شکاوی گەلی کورد"و سێناتۆر ڕێمی فێرۆد، ئامادەبوون و وتاریان پێشکەش کرد.
لە میانەی وتارەکەیدا، خاتوو بیاتریس، کورتەیەکی لەسەر کتێبەکەی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو. لە لایەن خۆشیەوە، سێناتۆر ڕێمی فێرۆد، ئاماژەی بە کارکردن لەسەر ڕەشنووسی پرۆژە یاسایەک کرد بۆ بە جینۆساید ناساندنی تاوانهكانی داعش دژی ئێزدییهكان
کۆمەڵەی دۆستایەتی فەرەنسی-کوردی لە هەرێمی ئۆکسیتانی لە ساڵی 1997ەوە دامەزراوە و ئامانجی ئاماژەپێکردن و وێناکردنی خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستانە و لەڕێگەی چالاکی هەمەجۆرەوە، دەیەوێت مێژوو خەبات و فەرهەنگ و ژیانی کوردان بە فەرەنسییەکان بناسێنێت و لە کاراترکردنی ڕەوەندی کوردستانی لە فەرەنسا ڕۆڵێکی زیاتر بگێڕێت، هەوڵیش دەدات پەرلەمانی فرەنسا ئەو تاوانانەی لەدژی گەلی کوردستان کراوە، بە جینۆساید بناسێنێت.