تورکیا پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل سنووردار دەکات

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی بازرگانی تورکیا ڕایگەیاند، هەناردەکردنی 54 بەرهەمی جۆراوجۆر بۆ ئیسرائیل سنووردار دەکات، تا ئەو کاتەی ئاگربەست لە کەرتی غەززە ڕادەگەیەنرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ڕێوشوێنانە دەستبەجێ دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.

وەزارەتی بازرگانی تورکیا لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سنووردارکردنەکان بریتی دەبن، لە بەرهەمی ئاسن و پۆڵا، کەرەستە و بەرهەمی بیناسازی، مەکینە و چەندانی تر.

تورکیا ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل داواکارییەکەی ڕەتکردووەتەوە بۆ ناردنی هاوکارییەکان بۆ ناو غەززە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە بڕیاری داوە لە ڕێگەی زنجیرە ڕێوشوێنێکی نوێ وەڵامی ئیسرائیل بداتەوە.

هێزی ئاسمانی تورکیاش هاوشێوەی وڵاتانی دیکە ویستی بە فڕۆکەی بارهەڵگری خۆی بەشداری ئۆپەراسیۆنی دابەزاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بکات.

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، "داواکارییەکەمان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئوردن پێشوازی لێکراوە، بەڵام لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕەتکراوەتەوە"، گوتیشی: "بڕیارماندا زنجیرەیەک ڕێوشوێنی نوێ لەدژی ئیسرائیل بگرینەبەر"، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی بیانوو بۆ ڕەتکردنەوەی یارمەتیدانی دانیشتووانی برسی غەززە نییە".

هاکان فیدان دەشڵێت: کە ئەو وەڵامەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، "هەنگاو بە هەنگاو" و "بەبێ هیچ دواکەوتنێک" جێبەجێ دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم ڕێوشوێنانە تا ئەو کاتەی ئیسرائیل ئاگربەست ڕادەگەیەنێت و ڕێگە دەدات هاوکارییە مرۆییەکان بەبێ پچڕان بگاتە غەززە بەردەوام دەبێت".