ئه‌پیكور: سه‌ردانه‌كه‌ی سوودانی بۆ ئه‌مه‌ریكا ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی بۆری نه‌وتی كوردستان

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)
کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)

K24 - هەولێر:

كۆمه‌ڵه‌ی پیشه‌سازی نه‌وتی كوردستان (ئه‌پیكور) له‌ میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت، سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بۆ كۆشكی سپی، ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ به‌ره‌وپێشچوون به‌ ئاراسته‌ی كردنه‌وه‌ی بۆری نه‌وتی كوردستان.

هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئه‌پیكوردا هاتووه‌، سەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانی بۆ كۆشكی سپی، كه‌ له‌ 15ی ئه‌م مانگه‌ ئه‌نجامی ده‌دات، دەرفەتێكی گرنگە بۆ كۆتایهێنان به‌ چەقبەستوویی بابەتی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان.

هه‌روه‌ها ئه‌پیكور ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، كۆمپانیا ئەندامەكانی پابەندن بە گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەك دەكەن، ببێتە هۆی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت.

دووپاتیشیكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ كۆبوونەوەی نێوان سوودانی و بایدن، وادەكات هەمووان پێكەوە دەستوبرد بكەن، بۆئەوەی كێشەكە بە ئاسانی چارەسەر بكەن و دەستبكرێتەوە بە بەرهەمێنانی تەواوی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان.

روونیشیكردووه‌ته‌وه‌، هەرچەندە لە ئۆكتۆبەری 2023 توركیا بە فەرمی رایگەیاندووە ئامادەیە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەرێگەی بۆری نەوتی عێراق - توركیاوە، بەڵام تا ئێستاش هەناردە راگیراوە، كه‌ بەهۆیەوە رۆژانە بازاڕی وزەی جیهان نزیكەی 400 هەزار بەرمیل نەوت لەدەست دەدات، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهان.

كۆمه‌ڵه‌ی پیشه‌سازی نه‌وتی كوردستان له‌ میانی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا ئاماژه‌ به‌ زیانه‌كانی راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێت، نەبوونی رێككەوتنێك بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، زیانی 14.5 ملیار دۆلاری بە داهاتی عێراق گەیاندووە، هەروەها لە هەرێمی كوردستان و عێراق و كۆمپانیا نێودەوڵەتیەكانی بواری نەوتیش ژمارەیەكی زۆر خەڵكی كارەكانیان لەدەستداوە و دەرفەتی وەبەرهێنانیش كەمبووەتەوە .

دووپاتیش ده‌كاته‌وه‌، كه‌ كۆمپانیا ئەندامەكانی ئەپیكور پابەندن بە گرێبەستەكانیان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چاویان لە رێككەوتنێكی هاوبەشە ببێتە هۆی دەستپێكردنەوەی دەستبەجێی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆری نەوتی عێراق - توركیاوە.

5
56