مەحما خەلیل: دەبوایە نوێنەرێکی شنگال لە نێو شاندەکەی سوودانی بۆ ئەمەریکا هەبوایە

مەحما خەلیل، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
مەحما خەلیل، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

مەحما خەلیل پەرلەمانتاری عێراق لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردستان24 گوتی: ئەمەریکا یەکێکە لە وڵاتە کاریگەر و زلهێزەکانی پشتیوانی لە ڕێککەوتنی ئاسایی کردنەوەی دۆخی شنگال کردووە، بۆیە لەو باوەڕەدام لەو سەردانەدا ئیدارەی ئەمەریکا داوا لە سوودانی بکات بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت.

گوتیشی: لە سەرەتای ڕێککەوتنەکە ئەمەریکا دەستخۆشیی و پیرۆزبایی لە هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی کرد، هەڵبەت وەک لایەنێکی سەرەکیی و هاوپەیمانێکی ستراتیجی عێراق، بە دڵنیاییەوە لەم سەردانەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن، ئیدارەی ئەمەریکا داوا لە سوودانی دەکات بۆ ئەوەی ڕێککەوتننامەی ئاسایی کردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێ بکرێت، هەر بۆیە ئێمە دەمانویست نوێنەرێکی شنگال لەو شاندەی یاوەری سوودانی دەکەن بۆ ئەمەریکا هەبووایە.

محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ لە سەر بانگهێشت نامەی فەرمیی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا داوەتی کۆشکی سپی کراوە، ئەمە یەکەم سەردانی محەممەد شییاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و دیداری لەگەڵ بایدن.

هەروەها سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان یەکێکە لە ئەندامانی شاندەکە.

لەم سەردانەی سوودانی بۆ ئەمەریکا چەندین دۆسیەی گرنگ هەن بۆ ئەوەی گفتوگۆیان لە بارەوە بکرێت و بڕیاری کۆتاییان لە سەر بدرێت، لەوانە پرسی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکایە لە عێراق و چۆنتی داڕشتنەوەی ئەرک و ڕۆڵی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە نێویشیاندا هێزەکانی ئەمەریکا لە داهاتوودا لە عێراق چی دەبێت.

هەروەها پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتیی هەرێمی کوردستان بەرەو بازاڕەکانی جیهان تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئیدارەی ئەمەریکا دەبێت.

سەرەتای مانگی سێی ئەمساڵ، ئەلینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لەگەڵ شاندێکی کۆمەڵگەی ئێزی کۆبووە و پشتیوانی خۆیی بۆ ئاساییکردنەوە دۆخی شنگال و سەقامگیری ناوچەکە دەربڕی. ڕاشیگەیاند، پشتیوانی لە ڕزگاربووانی دەستی داعش دەکەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە تاوانی کۆمەڵکوژی دووربارە نەبێتەوە.

هەروەها باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بڵاویکردووەتەوە، رۆمانۆوسکی پشتیوانییەکانی وڵاتەکەی بۆ شاندەکەی کۆمەڵگەی ئێزدی دەربڕیوە بۆ چارەی ڕیشەیی و درێژخایەنی پرسی ئاوارەکانی شنگال و سەقامگیری شارۆچکەکە.

ڕۆژی (9ـی ئۆکتۆبەری 2020) رێككەوتنی شنگال لە نێوان حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە چاودێری مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق لە بەغدا واژۆكرا، کە خۆی لەم شەش خاڵە سەرەکییە دەیبینێتەوە:

1.هەڵبژاردنی قایمقامی نوێ.

2.حكومەتی فیدراڵی ئیدارەی پرسی ئەمنی دەكات.

3.دامەزراندنی 2500 كەس لە خەڵكی شنگال و ئاوارەكانی و دروستكردنی هێزێكی نوێ.

4.كۆتاییهێنان بە پەكەكە و هەموو ئەو گرووپانەی پەیوەندیان پێوەیەتی.

5.هیچ كەسێكی سەر بە پەكەكە نابێت لەو هێزە ئەمنییە نوێیە دابمەزرێت.

6.هەولێر و بەغدا هەماهەنگی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و ئیدارەكردنی بكەن.

لەدوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ ساڵ و شەش مانگ بەسەر ڕێککەوتنەکە، نەک حکومەتی عێراق هیچ یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەی جێبەجێ نەکردووە، بەڵکو وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە بڕیاری داخستنی کەمپەکان و داخستنی قوتابخانەکانی سەر بە پەروەردەی عێراق لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هەوڵی بەزۆر گەڕاندنەوەی ئاوارەکان دەدەن.