لافاو چەند شارێکی ڕووسیای گرتەوە

K24 - هەولێر

ناتالیا فرۆلۆڤا، جێگری سەرۆکی بەشی هایدرۆلۆجی لە بەشی جوگرافیا لە زانکۆی مۆسکۆ، ڕایگەیاند، ئەو لافاوەی لە پارێزگای ئۆرنبۆرگ لە باشووری ڕووسیا بەدیدەکرێت لە جۆری خۆی بەر لە 80 ساڵ ڕوویداوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکارەکەی ئەم لافاوە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمایە کە لە کۆتایی مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوو و سەرەتای مانگی نیساندا تۆمارکراوە.

گوتیشی: "ئەو بەفرەی کە هەیە زۆر بە خێرایی دەستی بە توانەوەی کردووە و بارانێکی بەخوڕیش باریوە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی لەناکاوی ئاستی ئاوی ڕووباری ئۆرال. بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکە، بووەتە هۆی داڕمانی بەنداوێک لە شاری ئۆرسک لە پارێزگای ئۆرنبۆرگ و ئاو ناوچە جیاجیاکان شارەکەی گرتووەتەوە، ئاوەکەش بەرەو شاری ئۆرنبۆرگ هاتووە و ڕووباری ئۆرالیش لافاوێکی زۆری دروستکرد.

پرۆسەی چۆڵکردنی دانیشتووانی ناوچە زیانلێکەوتووەکان بۆ ناوەندەکانی داڵدەدان دەستیپێکرد، لای خۆیەوە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا چەند ڕێنماییەکی دەرکرد. کە ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە بە نۆژەنکردنەوەی خانووی نۆژەن کراو و کڕینی خانووی نوێ بۆ خاوەن ماڵە ڕووخاوەکان، بە یارمەتی دارایی، قەرەبووی موڵک و ماڵیان دەکرێنەوە.

لای خۆشیانەوە دەسەڵاتدارانی شاری ئۆرنبۆرگ و ئۆرسک ڕایانگەیاند، لافاوەکە بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات، هەروەها ئەو کاریگەرییانەی کە لافاوە بەجێی هێشتووە بۆ ماوەی مانگێک بە تەواوی لاناچێت.