فڕۆکەخانەکانی دوبەی گەشتەکانیان ڕاگرت
"ماوەی 75 ساڵە لە ئیمارات بەو ڕێژەیە باران نەباریوە"
K24 - هەولێر
لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا لە ئیمارات، زۆرترین ڕێژەی بارانبارین باریوە، هەروەها لە سەرەتای تۆمارکردنی زانیارییەکانی کەشوهەوا لە ساڵی 1949ەوە. ئەمە زۆرترین ڕێژەی بارانبارینە، کە باریوە.
سەنتەری نیشتمانی کەشناسی ئیمارات ڕایگەیاند، ئەو بڕە بارانانەی کە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا تا کاتژمێر 9ـی ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 16 نیسانی 2024 باریوە، ڕووداوێکی ناوازەیە لە مێژووی کەشوهەوای ئیمارات دا، هەروەها پێشبینی دەکرێت لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا بارانی زیاتر ببارێت.
سەنتەرەکە ڕایگەیاندووە، تا ئێستا زۆرترین ڕێژەی بارانبارین لە ناوچەی "خەتم ئەلشکلە" لە عەین تۆمارکراوە، کە لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا گەیشتووەتە 254.8 ملم، جێگای سەرنجە پێشتر وێستگەی شوەیب بڕی 287.6 ملم باران بارینی لە 9-3-2016 تۆمار کردبوو.
ئەم بارانبارینە زۆرە نوێنەرایەتی ڕووداوێکی ناوازە دەکات کە بەشدارە لە زیادکردنی تێکڕای بارانبارینی ساڵانە لە ئیمارات، هەروەها بەرزکردنەوەی یەدەگی ئاوی ژێر زەوی وڵاتەکە بە گشتی.
هەر بەهۆی ئەو باران بارینە، فڕۆکەخانەکانی دوبەی داوای لە گەشتیاران کرد کە نەچنە فڕۆکەخانە جگە لە حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت، بەهۆی ئەو کەشوهەوایەی ڕووی لەو وڵاتەکە کردووە.
فڕۆکەخانەکانی دوبەی ڕایانگەیاند، خشتەی گەشتەکان دواکەوتووە، هەروەها گۆڕین لە ڕێڕەوی ژمارەیەک گەشتی دیکەشدا هەبووە، ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هەر گەشتیارێک پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ هێڵی ئاسمانی خۆیدا هەبێت بۆ بەدەستهێنانی نوێترین پێشهاتەکان سەبارەت بە دۆخی گەشتەکان.
ڕوونیشکراوەتەوە، ئەوان کارێکی زۆر دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی کارەکانی خۆیان بەشێوەیەکی ئاسایی.
جگە لەوەش هێڵی ئاسمانی ئیمارات ڕاگرتنی گەشتکردن بۆ ئەو سەرنشینانەی لە دوبەیەوە بەڕێدەکەون، لە کاتژمێر 8:00ـی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە دەستپێکردووە تا نیوەی شەوی 18ـی نیسان، بەهۆی ئەو ئاستەنگانەی لە ئەنجامی خراپی کەشوهەوا و بارودۆخی ڕێگاوبانەکانەوە دروستبووە.