ئایدن مەعروف: پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەبێ پارتی سەرکەوتوو نابێت

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان
ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان

K24 – هەولێر:

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بە سیاسی و دژی دەستوور وەسف کرد و جەختی لە گەڕانەوەی مافی پێکهاتەکان کردەوە. دووپاتیشی کردەوە، بەبێ پارتی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سەرکەوتوو نابێت.

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەڵبژاردن پرسێکی نیشتمانییە و دەبێت هەموو لایەنەکان تێیدا بەشداربن، بەڵام بەهۆی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کۆتاکان بێبەش بوونە لە هەڵبژاردن، هەروەها دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکە دەکرێت ئەمەش کاریگەریی خراپ دروست دەکات لەسەر ڕەوشی سیاسی هەرێمی کوردستان.

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، دەڵێت: بەبێ پارتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سەرکەوتوو نابێت، بۆیە دەبێت گوێ بۆ داواکارییەکانی پارتی بگیرێت، کە جەخت لە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و بێ دیزاینی پێشوەختە دەکاتەوە.

ئایدن مەعروف، ئاماژەی بەوەدا، سەرۆک بارزانی هەمیشە پشتیوانی لە مافی پێکهاتەکان کردووە، جەنابیان مەبەستییەتی لە هەڵبژاردن هەموو لایەنەکان بتوانن تێێدا بەشداربن بە تایبەت پێکهاتەکان.

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، گوتی: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەبارەی پێکهاتەکان دژی دەستوور و پێکەوەژیان بوو، هەورەها بڕیارەکانی دادگا لەبارەی زۆرینەی پرسەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان دادپەروەرانە نییە.

ئایدن مەعروف، گوتیشی: دەمانەوێت پێداچوونەوە بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیدا بکرێت بۆ ئەوەی ماف بۆ پێکهاتەکان بگەڕێتەوە و بتوانن بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن، هەروەها دەبێت نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی جیهان هەڵوێستی جیددییان هەبێت لەسەر پرسەکە.