ماکرۆن بۆ کوردستان24: لە هاوکاریی پێشمەرگە بەردەوام دەبین
K24 – برۆکسل:
سەرۆکی فەرەنسا، ڕایدەگەیەنێت، ئێمە لە هەولێر سیستەمی بەرگری مووشەکیمان هەیە بۆ پاراستنی سەربازەکانمان و دۆستەکانمان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (18ـی نیسانی 2024) ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە وەڵامی بارزان حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، لە هاوکاریی پێشمەرگە بەردەوام دەبین و هاوبەشیشمان هەیە.
سەرۆکی فەرەنسا سەبارەت بە هەولێر، گوتی: "دەزانن ئێمە چەندە گرنگی بە ئاسایشی هێزەکانمان و ئاسایشی هاوپەیمانەکان دەدەین لە تەواوی ناوچەکەدا، بۆیە زۆر پابەندین و سیستەمی خۆمان لەوێ جێگیر کردوون".
ئیمانوێل ماکرۆن، باسی لەوەش کرد، "ئێمە لە هەولێر سیستەمی پاتریۆتمان نییە، بەڵام خۆمان گونجاندووە، سیستەمی خۆمان لەگەڵ سەرباز و هێزە تایبەتەکانمان لەوێ جێگیر کراون، بۆ ئەوەی تواناکانمان و لەگەڵیشیدا دۆستەکانمان بپارێزین".