ماکرۆن بۆ کوردستان24: لە هاوکاریی پێشمەرگە بەردەوام دەبین

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا

K24 – برۆکسل:

سەرۆکی فەرەنسا، ڕایدەگەیەنێت، ئێمە لە هەولێر سیستەمی بەرگری مووشەکیمان هەیە بۆ پاراستنی سەربازەکانمان و دۆستەکانمان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (18ـی نیسانی 2024) ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە وەڵامی بارزان حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، لە هاوکاریی پێشمەرگە بەردەوام دەبین و هاوبەشیشمان هەیە.

سەرۆکی فەرەنسا سەبارەت بە هەولێر، گوتی: "دەزانن ئێمە چەندە گرنگی  بە ئاسایشی هێزەکانمان و ئاسایشی هاوپەیمانەکان دەدەین لە تەواوی ناوچەکەدا، بۆیە زۆر پابەندین و سیستەمی خۆمان لەوێ جێگیر کردوون".

ئیمانوێل ماکرۆن، باسی لەوەش کرد، "ئێمە لە هەولێر سیستەمی پاتریۆتمان نییە، بەڵام خۆمان گونجاندووە، سیستەمی خۆمان لەگەڵ سەرباز و هێزە تایبەتەکانمان لەوێ جێگیر کراون، بۆ ئەوەی تواناکانمان و لەگەڵیشیدا دۆستەکانمان بپارێزین".