عێراق واژۆی لەسەر رێککەوتننامەی سەنگافورە کرد
پەیوەست بوون بە رێککەوتنەکە بە چ واتایەک دێت؟
K24 - هەولێر:
عێراق واژۆی لەسەر رێککەوتننامەیەک کرد کە تایبەتە بە چارەسەرکردنی ناکۆکییە بازرگانییەکانی نێوان وڵاتان.
نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند؛ عێراق واژۆی لەسەر رێککەوتننامەی سەنگافورە کردووە، کە رێککەوتننامەکە تایبەتە بە نێوەندگیری لەنێوان وڵاتان لەپێناو چارەسەرکردنی ناکۆکییە بازرگانییەکان.
رێککەوتننامەکە لە ساڵی 2018 راگەیەندراوە و 53 وڵات واژۆیان لەسەرکردووە و دواتر چەندین وڵاتی دیکە پەیوەست بوون بە رێککەوتننامەکەوە.
بەپێی ماددەکانی رێککەوتننامەکە هەرکاتێک دوو وڵات ناکۆکییەکیان لەبارەی پرسە بازرگانییەکانەوە هەبێت، ئەوا دەتوانن پەنا ببەنە بەر ئەو رێکارانەی کە لە رێککەوتننامەکەدا ئاماژەیان پێ دراوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر.
لە یەکێک لە ماددەکانی رێککەوتننامەکەدا هاتووە، ئەگەر ناکۆکییەکی بازرگانیی نێوان دوو وڵات، چووبێتە بەردەم دادگایەکی تایبەتمەند و بڕیاری لەبارەوە درابێت ئەوا ناتوانرێت رێکارەکانی رێککەوتننامەکەی بەسەردا جێبەجێ بکرێت.
بەو پێیەش بێت پەیوەستبوونی عێراق بەو رێککەوتننامەیە ناتوانێت ناکۆکییەکانی نێوان عێراق و تورکیا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و ئەو قەرەبووە چارەسەر بکات کە دەبێت تورکیا بیداتە عێراق، چوونکە پێشوەختە دادگا بڕیاری لەوبارەیەوە داوە.