ئەمڕۆ لە ڕیاز چالاکییەکانی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی دەست پێ دەکات
بە بەشداریی سوودانی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە سعوودیە بەڕێوە دەچێت

K24 - هەولێر
ئەمڕۆ یەکشەممە، بە بەشداریی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە سعوودیە چالاکییەکانی لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە دەست پێ دەکات و مەبەستی کۆڕبەندەکەش پەرەپێدانی وزەیە بۆ گەشانەوەی زیاتر.
کۆڕبەندەکە دوو ڕۆژەیە و 28 – 29ی نیسانی 2024، بە بەشداریی زیاتر لە هەزار بەرپرس و کەسایەتیی و بازرگان بەردەوام دەبێت لە نێویاندا وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانیش هەن.
مێدیاکانی سعوودیە بڵاویان کردووەتەوە، لە 92 وڵات هەزار سەرکردە بەشداری کۆڕبەندە دەکەن، لە نێویاندا زیاتر لە 20 وەزیری دەرەوەی وڵاتان هەن و ئەو گەورە بازرگان و وەبەرهێنەرانەشی بەشدار دەبن ڕۆڵێکی گرنگیان لە پەرەپێدان و یارمەتیدانی ڕێکخستنەوەی پەیوەندییە ئابووریی و بازرگانییە نێودەوڵەتییەکاندا هەیە؛ هیوایەک هەیە ببنە پردێک لە نێوان بەهێزکردنی بازاڕە پێشکەوتووەکان و بازاڕە تازە گەشە سەندووەکان، بەو پێیەی کۆڕبەندەکە لە سەر سێ بنەما گفتوگۆکانی چڕ دەکاتەوە، ئەوانیش هاوکاریی و هەمانگیی نێودەوڵەتی، گەشەیەکی گشتگیر، وزە لە پێناو گەشانەوە و پەرەپێدانە.
هەروەها ئەجێندایەکی کۆڕبەندەکەی ڕیاز چارەکردنی ئاستەنگ و گرفتەکانی بەردەم وڵاتانە لە پرسی نایەکسانی و دەستگەیشتن بە وزەیە لەگەڵ ململانێ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و جیهانە، بۆ ئەمەش هەوڵ دەدرێت بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی پەرەپێدان و هاوبەشیکردنی نوێ دروست بکرێت بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەکانی بەردەم پێشکەوتنە ئابوورییەکان.
تەوەرێکی دیکەی کۆڕبەندەکە، شەڕی غەززە و کاریگەرییە ئابووری، سیاسی و ئەمنییەکانێتی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانە.
چەند فاکتەرێک بوونە هۆی هەڵبژاردنی سعوودییە بۆ میوانداریی کۆڕبەندەکە، لەوانە پێگەی جیۆپۆلیتیکی وڵاتەکە وەک ناوەندێکی گرنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چوستی چاکسازییەکانی سعوودییە لە هەشت ساڵی ڕابردوودا، کە بووەتە هۆی ئەوەی ئەم ساڵ بۆ یەکەمجار لە مێژووی سعوودییە داهاتی ئابووری نا نەوتی بە ڕێژەی 50% لە تێکڕای داهاتی ناوخۆیی زیاد بکات، ئەمەش بووەتە هاندەرێکی گرنگ و کاریگەر بۆ زیاتر برەودان بە پەرەپێدانی هەردوو کەرتی ئابووریی و کۆمەڵایەتی لە ئاستی ناوچەکەدا.