کارگە و کۆمپانیاکان پابەند کراون بەڕێژەی سەدا 75  کار بە کرێکارانی ناوخۆیی بکەن

K24 - هەولێر

یەكێك لەو بڕیارە گرنگانەی لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەركرا، پابەندکردنی کارگە و کۆمپانیاکانە کە دەبێ بە ڕێژەی 75% ئەو کرێکارانەی کاریان بۆ دەکەن کرێکاری ناوخۆیی بن و 25%  كرێكاری بیانی بن. ئامانج لەو بڕیارەش  بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی بێکاری و بەرزكردنەوەی دەستی كاری ناوخۆییە.

بەڕێوبەرایەتی كار كە سەر بە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتییە لە چەند بەشێك پێكهاتووە، هەر بەشەو بەشێوەیەكی جیاواز كار بۆ پاراستنی مافەكانی كرێكاران دەكات، بەشەكان پێكهاتوون لە (بەشی یاسایی، ‌بەشی بەدواداچوون بۆ دۆسیەكانی كرێكارانی ناوخۆیی و بیانی، بەشی پشكنین و سەلامەتی و بەشی دۆزینەوەی كار ) كە لە ڕێگای وێب سایتێكەوە هەم خاوەن پرۆژەكان دەتوانن بەدوای كرێكاردا بگەڕێن هەم ئەو کەسانەی  بەدوای كار دا دەگەڕێن.

 عەبدولمەجید فەرج ساڵح، بەرێوبەری کار بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەڕێوەبەرایەتییەکەمان دوو یاسا جێبەجێ دەکات، یاسای کار ژمارە 71 ساڵی 1987ـە، هەروەها یاسایەکی دیکەشمان هەیە یاسای خزمەتگوزاری پاش فرۆشتن ژمارە 18ـی ساڵی 1987ـە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دوویاسایە هەریەک بەجۆرێک خزمەت بە کرێکار و پیشەوەر دەکات، کە یاسای یەکەم خزمەت بەکرێکار دەکات لە ڕێکخستنی پەیوەندی کرێکار بە خاوەن کار و پاراستنی گیانی کرێکار و شێوەی ڕاهێنان و کارپێکردنییەتی.

یەكێك لەو گرفتانەی ڕووبەرووی كرێكارانی ناوخۆی دەبێتەوە بوونی ژمارەیەكی زۆری كرێكاری بیانییە، كە ئەمەش دەرفەتەكانی لەبەردەم كار بۆ كرێكاری ناوخۆی كەمكردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەی لە ساڵی 2023 حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری بۆ سەرجەم كارگە و شوێن كارەكان دەركردووە كە دەبێت لە 75% كارمەندەكانیان لە كرێكاری ناوخۆیی بێت، بەڵام تاكو ئێستا بڕیارەكە وەكو پێویست لە هەندێک کارگە و کۆمپانیا جێبەجێ نەكراوە.

چالاك ڕەئوف، سەرۆكی سەندیكای كرێكارانی كوردستان لقی سلێمانی بەکوردستان24ـی گوت: بەشێکیان فێڵ لە یاسا و لە حکوومەت دەکەن، کرێکاری ڕۆژانە دەبەنە سەر کار، هەروەها گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا لاوەکییەکان دەکەن، ئەوانیش کرێکاری سووری یان ئێرانی یان کرێکارانی خوارووی عێراق دەبەنە سەر کار، هەروەها دەستەبەر و سەیفتییان بۆ دابین ناکەن، وەکو پێویست مووچەی تەواویشیان پێنادەن.