ئیخلاس دلێمی بۆ کوردستان24: سهرهتای ههفتهی داهاتوو مووچهی مانگی نیسان ڕهوانه دهكرێت
K24 – بەغدا:
جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، حكوومهتی ههرێمی كوردستان لیستی مووچهخۆرانی سهربازی و مهدهنی بۆ مانگی نیسان ناردووه و سهرهتای ههفتهی داهاتوو بەغدا مووچهی ڕەوانه دهكات.
ڕۆژی چوارشەممە (1ـی ئایاری 2024) ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق تایبەت بە کوردستان24 ڕایگەیاند: به گوێرهی ڕێككهوتنی ههردوو سهرۆكوهزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستان مووچه خهرج دهكرێت.
ئیخلاس دلێمی ئاماژەی بەوەش کرد: "وەک هەمیشە هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مووچەخۆرانی مەدەنی و سەربازی ناردووە، مانگی ڕابردوو گوتیان هەرێمی کوردستان لیستی سەربازی نەناردووە، بۆیە ئەم مانگە حکوومەت هەردوو لیستەکەی نارد، بەڵام هێشتا رێکارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق سەخت و ئاڵۆزن".
جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: ڕێککەوتن لە نێوان محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەیە و مووچەکان خەرج دەکرێن".
دلێمی گوتیشی: "سەرەتای مانگی پێنج مووچەی مانگی چوار دەنێردرێت، ڕێکارەکانی بە بانکیکردنی مووچە بەردەوام دەبێت، هەرچەندە حکوومەتی هەرێم چەند تێبینییەکی لەسەر بانکە حکوومییەکان هەیە، لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا ئەمەش چارە دەکرێت و ڕێککەوتنی لەبارەوە دەکرێت".
ڕۆژی (30ـی نیسانی 2024) هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ گرفتێک لە بەردەم ناردنی مووچەی مانگی چواردا نییە و چاوەڕوانین لەم نزیکانە وەزارەتی دارایی عێراق، هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچە پارەدار بکات.
ڕۆژی چوارشەممە (24ـی نیسانی 2024) ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە، "نابێت هیچ بیانوو و پاساوێک بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بهێڵرێتەوە تا بکرێتە بيانوو بۆ خەرجنەکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم؛ هەر بە ئەم ئاراستەیەش ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووریی و شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد، ئەوەی لە یاسا بەرکارە فیدراڵیيەکان دەستنیشان کراوە وەک بەشی گەنجینەی فیدراڵیی لە داهاتی نانەوتی بەدەست هاتوو لە هەرێم، بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ".