فەرماندەی هێزەکانی فەرەنسا: هێزەکانی هاوپەیمانان لە پرۆژەکانی پەروەردەی سەربازیی پێشکەوتوو پشتیوانیی هێزی پێشمەرگە دەکەن

کۆبوونەوەی فەرماندەی هێزەکانی فەرەنسا لەگەڵ بەرێوەبەری چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە
کۆبوونەوەی فەرماندەی هێزەکانی فەرەنسا لەگەڵ بەرێوەبەری چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە

K24- هەولێر

فەرماندەی هێزەکانی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هێزەکانی هاوپەیمانان هاوکار و پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەبن لە پرۆژەکانی پەروەردەی سەربازیی پێشکەوتوو.

ئەمڕۆ پێنچشەممە 2ی ئایاری 2024، لیوا نەبەز سەڵاح، بەڕێوەبەری چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ کۆلۆنێڵ لیۆناردۆ لیۆز و کۆلۆنێڵ کۆپۆلا، ڕاوێژکارانی سەربازیی سوپای فەرەنسا لە فەرماندەیی هێزەکانی هاوپەیمانان کۆ بوەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، لەو کۆبوونەوەیەدا هەنگاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی ڕیفۆرمی هێزەکان و دوایین بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە گفتوگۆیان لەسەر کراوە.

هەر بەپێی ئەو ڕاگەیاندراوە، کۆڵۆنێڵ لیوناردۆ گرنگیی هێزەکانی هاوپەیمانانی نیشاندا بۆ پشتیوانیی لە ژمارەیەک پرۆژە بۆ پرۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە، لەوانەش پرۆژەی پەروەردەی سەربازیی پێشکەوتوو، لەگەڵ پرۆژەی پزیشکی و پرۆژەی جێندەر.

هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، هێزێکی سەربازییە و لە چەندین یەکەی سەربازی وڵاتانی جیاواز لە جیهاندا بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا و بەریتانیا پێک هاتووە .

نزیکەی 600 سەربازی فەرەنسی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی شامال لە عێراق و هەرێمی کوردستانن وەک بەشێک لە هاوبەشی فەڕەنسا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە لە ساڵی 2014 دا بۆ شەڕی داعش دامەزرا.