شوان کەلاری: پارتی بەشداریی هەڵبژاردنێکی دیزاینکراو ناکات

شوان کەلاری
شوان کەلاری

K24-هەولێر

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات، پارتی دیموکراتی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردنی نەکردووە، بەڵکو بە ڕووی ئەو دیزاینە پێشوەختەدا وەستاوەتەوە کە گومانی زۆری خستۆتە سەر پرۆسەی هەڵبژاردن.

ئەمڕۆ پێنچشەممە 2 ی ئایاری 2024، شوان کەلاری، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ کوردستان24ی ئاماژەی بەوە کرد، تەواوی لایەن و هێزە سیاسییەکان دەزانن دوو ساڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و سەرۆکی یەکێتی نەیاندەهێشت هەڵبژاردن بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پارتی نەیگوتووە نایەڵم هەڵبژاردن بکرێت، پارتی دەڵێت بەشداری هەڵبژاردنێک ناکەم کە دیزاینی پێشوەختەی بۆ کرا بێت، دەشڵێت: ئەو بڕیارەی پارتی لە ئەنجامی دوو ساڵ دواخستنی هەڵبژاردن و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بوو کە لایەنێک پەنای بۆی برد لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی کورسیی کۆتاکان، لەگەڵ ئەوەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بە نادەستووری دەر کرا، شوان کەلاری دەڵێت: هەوڵیاندا لە پێکەوە ژیانی کوردستان بدەن.

لەبارەی مەرجی پارتی بۆ هەڵبژاردن، شوان کەلاری گوتی: پارتی ئێستا بە مەرجی دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ بەشداریی کۆتاکان، هەروەها چاودێرییکردنی پرۆسەکە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەشداریی هەڵبژاردنێکی پاک و ڕوون دەکات.