وەزارەتی بەرگری تورکیا: 32  چەکداری پەکەکەمان بە هەماهەنگی حکوومەتی عێراقی کوشت

سوپای تورکیا
سوپای تورکیا

K24- هەولێر

وەزارەتی بەرگری تورکیا کوشتنی 32 جەکداری پەکەکەی لە سنووری هەرێمی کوردستان راگەیاند.

ئەمڕۆ هەینی 3 ی ئایاری 2024، لە راگەیاندراوێکدا وەزارەتی بەرگری تورکیا ئاشکرای کرد، لەبەردەوامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان 32 چەکداری پەکەکەیان لە سنووری هەرێمی کوردستان، لە حەفتانین، گارە، خواکورک و  ئەو ناوچانەی کە ئۆپەراسیۆنی چڕنوکی قوفلی لێ بەرێوەدەچێت، کوشتووە.

وەزارەتی بەرگری تورکیا لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە، لە رێگەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیانەوە رێگە لە پەکەکە دەگرن،  تا یەک چەکداریان مابێت، ئۆپەراسیۆنەکانیان بەردەوام دەبێت.

شەوی رابردوو  یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، لە رووبەرووبوونەوەیان لەگەڵ پەکەکە، هەماهەنگیان لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا دەستی پێکردووە، ئەو گوتانەی گولەر دوای ئەو ئۆپەراسیۆنە بوو کە دژ بە چەکدارانی پەکەکە لە سنووری هەرێمی کوردستان ئەنجامیاندا.