نەتەوە یەکگرتووەکان: بنیاتنانەوەی غەززە تا ساڵی 2040 دەخایەنێت

دیمەنێکی باڵەخانە وێرانبووەکانی غەززە
دیمەنێکی باڵەخانە وێرانبووەکانی غەززە

K24 - هەولێر

بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان بنیاتنانەوەی کەرتی غەززە 40 بۆ 50 ملیار دۆلاری پێویستە و لە باشترین دۆخدا بنیاتنانەوە ئەو کەرتە تا ساڵی 2040 دەخایەنێت، هەروەها وێڕای هۆشدارییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، ئیسرائیل ڕژدە لەسەر ئەوەی هێرشی زەمینی بۆ سەر شاری رەفەح لە باشووری کەرتی غەززە بکات، کە زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار ئاوارەی تێدایە.

شەڕ لە کەرتی غەززە، لە حەوتەمین مانگی نزیک دەبێتەوە، لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە جیهان وێرانکاری لەو جۆرەی بەخۆوە نەبینیوە، یاریدەدری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، بنیاتنانەوە کەرتی غەززە 40 بۆ 50 ملیار دۆلاری تێدەچێت.

بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٪72ـی باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون لە کەرتی غەززە بە تەواوی وێران بوونە یان زیانیان پێ گەیشتووە، زیاتر لە 34 هەزار و 500 کەس لەو کەرتە کوژراون، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پێداگیرە لەوەی هێرش دەکەنە سەر شاری ڕەفەح کە زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار ئاوارەی لەخۆگرتووە.

ئەمەریکا داوای لە ئیسرائیل کردووە بەبێ پلانێک بۆ رزگارکردنی خەڵكی سڤیل لە شاری ڕەفەح، هێرشی زەمینی بۆ سەر ئەو شارە نەکات، هەروەها 26 وڵاتی یەکێتیی ئەوروپا دژایەتیی خۆیان بۆ هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری ڕەفەح دەربڕیوە، کە تاکە شارە لە کەرتی غەززە تا ئێستا ئیسرائیل هێرشی زەمینی نەکردبێتە سەر.