سامان بەرزنجی: لە کاتی ڕووداوە نەخوازراوەکاندا پێویستە هاووڵاتییان هاوکاری تیمەکانی فریاگوزاری بکەن

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: سەرجەم تیمەکانی 122ـی فریاکەوتنی خێرا لە ئامادەباشیدا بوون بۆ فریاکەوتنی زیانلێکەوتووانی ئاگرەکەی دوێنێ شەوی بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێر و داواشی لە هاووڵاتییان کرد لە کاتی ڕووداوەکاندا، ئاستەنگ بۆ تیمەکان دروست نەکەن.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە ژمارەی بریندارانی ڕووداوی ئاگركەوتنەوەکەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "لە سەرەتای ڕووداوی ئاگركەوتنەوەكە 15 ئەمبوڵانس بەتەواوی پێداویستییە پزیشكییەكانەوە بە شێوەی مەیدانی چارەسەی بریندارەكانیان كردووە".

وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند: 132 كەس بەشێوەی سەرەتایی لە شوێنی ڕووداوەکە چارەسەری بۆ كراوە و تەنیا 15 كەس ڕەوانەی نەخۆشخانە كراون بۆ ئەوەی چاودێری زیاتریان بكرێت".

هەروەها وەزیری تەندروستی گوتیشی: لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر، ھیچ كەسێك گیانی لەدەستنەداوە".

دوێنێ شەو (5ـی ئایاری 2024) ئاگرێك لە بەشێکی بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە و دوای چەند کاتژمێرێک لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێرەوە کۆنترۆڵ کرا.

دوای ڕووداوەکەش پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا لە بارەی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری، ئاشکرای کرد: بە گوێرەی دوایین ئامار لە کۆی زیاتر لە چوار هەزار دوکان، 227 دوکان و حەوت کۆگای بچووکی بازاڕی قەیسەری بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە سووتاون و زیانیان پێ گەیشتووە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە: جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە، بەڵام بەداخەوە بە هۆى قەرەباڵغیی هاوڵاتییان لە شوێنى ڕووداوەکە، 132 کەس لە ئەفسەر و کارمەندانی بەرگریی شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، کاسبکار و هاووڵاتی، بریندار بوون و بەشێکیشیان بە هۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستیان تێک چووبوو، بەڵام هەرزوو لە لایەن تیمەکانی تەندروستی لە شوێنی ڕووداوەکە 117 كەسيان چارەکران و 15 كەسى دیکەش گواسترانەوە نەخۆشخانەى فریاکەوتن و چارەی پێویستیان بۆ کراوە.