لێکۆڵینەوە لە دزینی 70 ملیۆن دۆلار لە بانکەکانی فەڵەستین دەکرێت

K24 - هەولێر

دەسەڵاتی دارایی فەڵەستین ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەیان دەربارەی دزیکردنی لە بانکەکانی کەرتی غەززە دەست پێکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی ڕاپۆرتێک لەسەر دزینی 70 ملیۆن دۆلار بڵاوبوویەوە.

دەسەڵاتی دارایی فەڵەستین، کە دەزگایەکی سەربەخۆیە و سەرپەرشتی سیستەمی دارایی ناوچەکانی فەڵەستین دەکات، ڕایگەیاند، بانکەکانی کەرتی غەززە دوای لەناوچوونی تەواوەتی یان بەشێکی، لە زۆربەی لقەکانی بانکەکان، ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان بوونەتەوە لە کەرتەکەیان لە نێوان ئیسرائیل و حەماس دا.

دەسەڵاتی دارایی لە بەیاننامەیەکدا کە ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت: "هەوڵەکان بەردەوامن بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو زیانانەی کە بە سەروەت و سامانی سیستەمی بانکی لە کەرتی غەززە کەوتووە، لەوانەش وێرانبوونی بارەگا و باڵەخانەکان بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە، هەروەها ئەو دزیانەی  کە لە ژمارەیەک لقی بانک کراوە".

ئەم بەیاننامەیە دوای ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "لۆمۆندی فەرەنسی" دێت کە بڵاویکردبوویەوە و تیایدا باس لەوە دەکات، نزیکەی 70 ملیۆن دۆلار لە کۆگای لقەکانی بانکی فەڵەستین لە مانگی نیسانی ڕابردوودا دزراوە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بە بەڵگەنامەیەک کردووە کە بانکەکە بۆ "هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان"ـی ناردووە و وردەکاریی دزییەکانی تێدا باسکردووە، هەروەها باسی لەوەکردووە کە چۆن لە 16ـی نیساندا کارمەندانی بانکەکە کونێکیان لە بنمیچی ژووری پارەدان لە یەکێک لە لقەکانی غەززە دۆزیوەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی لۆمۆند، ئەو کارمەندانە بۆیان دەرکەوتووە کە بڕی سێ ملیۆن دۆلاریان دیار نەماوە، کە بۆ ئامێرە ATM ەکان تەرخانکراوە، ئاماژەیان بەوەشکردووە، ڕۆژی دواتر گروپە چەکدارەکان بە تەقەمەنیەوە گەیشتوونەتە شوێنەکە و ژوورێکی چیمەنتۆیان تەقاندووەتەوە و زیاتر لە 30 ملیۆن دۆلاریان بە دراوی جیاواز لە سێ کۆگاوە.

بانکی فەلەستین کە گەورەترین دامەزراوەی داراییە لە غەززە، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و جەختی لەسەر “نادروستی هەواڵەکان سەبارەت بە ڕادەی زیانەکانی لقەکانی لە کەرتی غەززە” کردەوە.

Fly Erbil Advertisment