قایمقامی هەولێر: دەست بەخاوێنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری دەکرێت

K24 – هەولێر
قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ڕایگەیاند، سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەت بۆ بازاڕی قەیسەری پەیامێکی گرنگ بوو بۆ هەولێر و کاسبکاران.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەرۆکی حکوومەت سەردانی شوێنی ڕووداوەکەی کرد، ئەوسەردانە پەیامێکی گرنگ بوو بۆ خەڵکی هەولێر و کاسبکاران، کە حکوومەت لەگەڵ خەم و ئازاری کاسبکارانە و گوێی لە داواکارییەکانی هاووڵاتیان گرت.
ڕاشیگەیاند، سەرۆکی حکوومەت لە شوێنی ڕووداوەکەدا فەرمانی کرد بەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەزووترین کات بەکاری پێویستی خۆیان هەڵسن، تیمە خزمەتگوزارییەکان و تیمەکانی شارەوانی و تیمەکانی پارێزگا و بەرگری شارستانی و ئەو تیمانەی پەیوەندییان بەو بابەتەوە هەیە.
نەبەز عەبدولحەمید گوتیشی: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت، ئێمە کۆبوونەوەی خۆمان بەسەرپەرشتی پارێزگار ئومێد خۆشناو ئەنجامدا، کە هەموو تیمەکانی پەیوەندیدار تێیدا ئامادە بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی گرنگ بوو جەخت لەسەر ئەوەکراوە کاری خاوێنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری دەست پێبکرێت، هەروەها تیمەکانی کارەبا ئێستا سەرقاڵی کارکردنن لەو بەشەی کە سووتاوە، دەبێت کارەبایەکی جیا بکرێتەوە، چونکە لەکۆی زیاتر لە چوار هەزار دوکان 228 دوکان سووتاوە.
باسی لەوەشکرد، تاوەکو ئێستاش هێزە ئەمنییەکان پارێزگاری لەو شوێنە دەکەن، وەدەبێت هاووڵاتیان پابەندی ڕێنماییەکانی شارەوانی بن کە دەرچووە چونکە لەبەرژەوەندی هاووڵاتیان دایە.
ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێر نزیکەی کاتژمێر 09:30 خولەی شەوی یەکشەممە، 05-05-2024 کەوتەوە؛ بەهۆیەوە 228 دووکان و حەوت کۆگا سووتان.
بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە ساڵی 2024، نۆ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە سەنتەری شارەکە کەوتوونەتەوە:
1. 17ی شوباتی 2024، سووتانی دووکانێک لە بازاڕی رووناکیی هەولێر.
2. 23ی شوباتی 2024، سووتانی چەند کۆگایەک لە ناوچەی پیشەسازیی باکووری شاری هەولێر.
3. 27ی شوباتی 2024، سووتانی بەشێکی بازاڕی لەنگە.
4. 9ی ئازاری 2024، سووتانی کۆگایەک لە نزیک ناوچەی پپیشەسازیی باکووری شاری هەولێر.
5. 13ی ئازاری 2024، سووتانی چەند دووکانێک لە بازاڕی فەرمانبەرانی شاری هەولێر.
6. 27ی ئازاری 2024، سووتانی چوار کۆگا لە قوشتەپەی هەولێر.
7. 8ی نیسانی 2024، سووتانی ژمارەیەک دووکانی بازاڕی لەنگەی هەولێر.
8. 23ی نیسانی 2024، سووتانی ژمارەیەک دووکای بازاڕی شێخەڵای هەولێر.
9. 5ی ئایاری 2024، سووتانی بەشێکی بازاڕی قەیسەریی هەولێر.